"هاوکاری خۆبەڕێوەبەری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە ئاستەنگ دەکرێت"

یسرا دەرویش، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ دۆخی بوومەلەرزەکە و ڕێوشوێنەکانیان وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لەو ڕووداوەدا هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەدا کە هاوکارییەکانیان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە لەلایەن حکومەتی شام و تورکەوە ئاستەنگ دەکرێت.

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ- بوومەلەرزە بەهێزەکەی ڕۆژی ٦ی شوبات لە ناوچەی بازاڕجیخی مەڕەش ڕوویدا و بووە هۆی وێرانکاری گەورە لە باکووری کورستان و تورکیا، لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە چەند گەڕەکێکی کوردی حەلەب وەک ئەشرەفیە و شێخ مەقسود کاریگەری سەختی هەبوو، بۆ ناردن و کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان هەڵمەتێکی هاوکاری بەناوی "ئێمە پێکەوەین بۆ مرۆڤایەتی" دەستیپێکرد، ئەم هەڵمەتەش بۆ هەموو گەلانی سوریایە کە زیانیان بەرکەوتووە.

 

"دەوڵەتی تورک ڕێوشوێنی پێویستی نەگرتەبەر"

یسرا دەرویش، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ، باسی لە کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکە کرد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لە قسەکانیدا وتی: ئەو بوومەلەرزەیە کە لە ٦ی شوبات کاتژمێر ٤:١٧ خولەک ڕوویدا، کاریگەری زۆری لە ناوچەکانی ئێمە وەک شەهبا و شێخ مەقسود و ئەشرەفیە هەبوو، ئەو ئاوەی کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا گیراوەتەوە، زەمینەیەکی بەهێز بوو بۆ ئەوەی بوومەلەرزەکە ڕووبدات و کاریگەری لەسەر ئێمە دروستبکات، ڕاستە کاریگەرییەکەی لە ناوچەی جزیرە کەمتر بوو، بەڵام لە حەلەب ڕووداوەکە سەخت بوو، دەوڵەتێکی وەک تورکیا کە خۆی ئەوەندە بە پێشکەوتوو دەبینێت، لە ڕوودانی ئەم بوومەلەرزەیە ناتوانێت ڕێبگرێت لە کارەساتە سروشتییەکاندا پێویستە حکومەت یان ئیدارەکە بەرپرسیار بێت و خەڵکەکەی بپارێزێت، بەڵام دەوڵەتی تورک بەرپرسیارێتی خۆی نەگرتووەتە ئەستۆ، بۆیە بەهەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و ماڵ و موڵکیان زیانی پێگەیشتووە.

 

پلانەکانی خۆبەڕێوەبەری بۆ بوومەلەرزە

یسرا دەرویش تیشکی خستەسەر ئەو ڕێوشوێنانەی کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆ بوومەلەرزەکە گیراونەتەبەر و وتی: کاتێک خەڵک هەستیان بە بوومەلەرزە کرد لە هەرێمەکە زیانێکی زۆر بڵاوبووەوە ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەستبەجێ ڕێوشوێنی گرتەبەر بۆ پاراستنی خەڵکی هەرێمەکە، بڕیار درا کە چادر لە هەموو شار و ناوچەکان دوور لە بیناکان بەڕووی خەڵکدا بکرێتەوە و هەموو ئەو کەسانەی لە بینا بەرزەکاندا دەژین لە چادردا بمێننەوە، لەسەر ئەم بنەمایە لە هەموو شار و ناوچەیەک چادر بەڕووی خەڵکدا کرایەوە و دەمانویست دڵی گەلەکەمان ئارام بکەینەوە، لە لایەکی دیکەوە تێڕوانین لەسەر چۆنیەتی پاراستنی خەڵک لە بوومەلەرزەکە لە ماوەی سێ ڕۆژدا درا و تیمە تەندروستیەکانمان وەک مانگی سووری کورد و هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ بەشداربوون لە هاوکاریکردنی خەڵکدا، ئێمە هەماهەنگییەکی گشتیمان لەنێوان دەستەی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری و تەندروستی و ئەمنیدا دامەزراندووە بۆ ئەوەی ئاگاداری بارودۆخی گەلەکەمان بین و لە بوومەلەرزەکە بیانپارێزین، لە داهاتووشدا لە نێوان ئەم ڕۆژانەدا لیژنەیەکی ئەندازیاریمان لەگەڵ ئەنجومەنی شارەوانی ئامادە کردووە بۆ تەماشاکردنی بارودۆخی بیناکان.

 

هاوکارییەکانی خۆبەڕێوەبەری ئاستەنگ دەکرێت

یسرا دەرویش تیشکی خستەسەر ئەو هەڵمەتە هاوکارییەی کە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان دەستیپێکردووە و وتی: ئەو هەڵمەتە هاوکارییەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆبەڕێوەبەرەوە بە ناوی "ئێمە پێکەوەین بۆ مرۆڤایەتی" ئامانجی خزمەتکردنی ئەو خەڵکەیە کە بە بوومەلەرزەکە زیانیان بەرکەوتووە، دوور لە هەموو سیاسەت و حکومەت و پارت و بەرژەوەندیەکان گەلەکەمان بە ڕۆحیەتێکی بەهێزەوە پشتگیری ئەم کەمپینەیان کرد، ئامانجمان تەنیا گەیشتن بە گەلەکەمان نییە، بەڵکو لە سەرتاسەری سوریا و باکووری کوردستان هاوکاریمان کردووە، بەداخەوە دەرگای حکومەتەکان بۆ یارمەتیدانی ئێمە ناکرێنەوە، لەبەرئەوەی هێزە باڵادەستەکان لەسەر زەوی مەبەستەکانیان سیاسین و بەرژەوەندییەکانیان لە ئاستی یەکەمدا پێش دەخەن، دەبینین سنوورەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادایە، بەڵام ڕێگە نادەن ئەم هاوکارییە بە دەروازە فەرمییەکان تێپەڕێت و یارمەتیی خەڵک بدات، لە کۆتاییدا دەڵێم ئێمە باوەڕمان بە گەلەکەمان هەیە و دەتوانین بەسەر ئەم دۆخەدا زاڵ بین و ئێمەش وەک بەڕێوەبەرایەتی گەلی خۆمان بە هەموو ئەرک و دەرفەتەکانمانەوە لەم ڕووداوە ئازاربەخشانە بپارێزین.