سەرۆکی پەرلەمان: ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لەسەر پێشێلکاری مافی ڕۆژنامەنووسان ڕاستییە

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکدا باس لە هەبوونی یاسای ڕۆژنامەنووسی و جێبەجێنەکردیان لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، ئەو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییانەی لەسەر پێشێلکاری ئازادی و مافی ڕۆژنامەنووسان بڵاودەکرێتەوە، ڕاستین.

سلێمانی

 

ئازادی ڕادەربڕین بنەمایەکە پشتیوانی دەربڕینی ڕای ئازادانەی کەسەکان دەکات لە کۆمەڵگەدا، لە هەندێک لە وڵاتاندا ڕێگری لە ئازادی ڕادەربڕینی تاک دەکرێت، بەتایبەت ڕۆژنامەنووسان،  ڕێواس فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسی "بەرەو داهاتوویەکی باشتر بۆ ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان" وتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە یاساکان کرد کە هەندێکیان لە بەرژەوەندی ڕۆژنامەنووسان نییە و سەرەڕای هەبوونی یاسای باش، بەڵام جێبەجێ ناکرێت.

 

"پرسی ئازادی ڕادەربڕین پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە"

ڕێواس فایەق ئاماژەی بەوەکرد، لە ناو هەموو کێشە سیاسی و ئابوری و ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە پرسی ئازادی ڕادەربڕین پاراوێز خراوە، جێگەی خۆشحاڵیە کە کەسانێک هەستاون و پرسی ئازادیان هێناوە تا گفتوگۆی لە بارەوە بکەین، قسەکردن لەسەر ئازادی ڕادەربڕین لە ناو دۆخی سیاسی کوردستاندا یەکێکە لەو بابەتە شەرمەزاریانەی کە دەبێت قسەی لە بارەوە بکەین، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە خۆمان لە بەرپرسیاریەتیەکە بدزینەوە، چونکە ئەم پرسە بە دیاریکراوی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە.

 

"کێشە لە جێبەجێکردنی یاساکان هەیە"

ڕێواس فایەق ڕوونی کردوە، بۆ ئەوەی باسی ئازادییەکان بکرێت لە ناویشیاندا ئازادی ڕادەربڕین، ئێمە پێویستمان بە کەرەستەکانیەتی، وەکو یاسای سەربەخۆ و ماددەی زۆر باشمان هەیە بەڵام کێشە لە پیادەکردن و جێبەجێکردنی هەیە، کێشەمان لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری هەیە لە جێبەجێکردنی یاساکاندا، کە لە ڕاستیدا نابێت وابێت، بۆ ئەوەی ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک دەستگیربکرێت گومانی نەبێت کە دەسەڵاتی دادوەری حاکمە بێلایەنەکەیە، کاتێک کەسێک لە دامەزراوە سیایەکان سکاڵا تۆمار دەکات، دەبێت دڵنیایەکی وادروست بکرێت لای ڕۆژنامەنووس، بزانێت بە دادپەروەرانە حوکمی لەسەر دەدرێت، نەبوونی ئەمەش دەرخەری کێشەیە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردندا.

 

"دڵنیا نین لە دەستبردن بۆ یاساکاندا باشی بکەین"

ڕیواس فایەق وتیشی: هەندێک لە یاساکان پێویستیان بە باشترکردنە و پێویستمان بە یاسای تازە هەیە، بەڵام دڵنیا نیم ئەگەر ئێمە دەستمان بۆ یەکێک لەو یاسایانە ببردایە باشترمان دەکرد، بۆیە ئێمەش دەستمان بۆ ئەو یاسانە نەبرد و گەڕاینەوە، ئێمە لە ئاستی کۆمەڵگەیشدا لە قەیرانداین و هیچ یەکێک لە ئێمە وەکو تاک پارێزراو نییە، وامان لێدەکرێت کە خەڵک ڕقی لێمان بێت و لەبەرچاوی خەڵک ناشرین بین، ئەوەی لەسەر ئاستی ئازادی ڕادەربڕین دەوترێت لە کۆمەڵگەدا، لە ڕاستیدا سەربڕینی ئازدی ڕادەربڕینە، لە ڕووە یاساییەکەوە دەتوانرێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەوەی هاتووەتە ناو کۆمەڵگەوە خەریکە دەبێت بە بەشێک لە کولتوور و فەرهەنگ کە ناویان لێناوە فەرهەنگی جوێندان، بە ناوی ئازادی ڕادەربڕینەوە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگەیان خستووەتە مەترسیەوە.

 

"ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ڕاستییەکان نیشان دەدەن و دەبێ دانی پێدابنرێت"

لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان وتی: لەم ڕووەوە سێ شت زۆر گرنگە یەکەم، دەبێت یاسایەکمان هەبێت بۆ ڕێگەگرتن لە ڕق لێبوونەوە لەسەر بنەمانی نەتەوە و ڕەگەز و مەزهەب، چونکە وای لێهاتووە لە شوێنێک ئەگەر ڕووداوێک ڕووبدات لە شوێنێکی تری کوردستان پێیان خۆشە، کەواتە ئێمە لە قەیرانداین، دووەم ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و دامودەزگا ناحکومیەکان کە لەسەر ئازادی ڕادەربڕین هەیە، بە نکۆڵی لێکردن چارەسەر نابێت، چونکە ئەو ڕاپۆرتانە ڕاستیەکان دەخەنەڕوو و دەسەڵاتی سیاسیش دەبێت ئەوە قبوڵ بکات، سێیەم، دەبێت بە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان ڕۆژنامەنووسان سزا بدرێن، نەک بە یاسایەکی تر سزا بدرێن.