ڕەمزیە تۆسون: ئاکەپە هاوکارییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنێت

ڕەمزیە تۆسون، پەرلەمانتاری هەدەپە ڕایگەیاند، کە ئەوان بڕیاری دۆخی نائاسایی "ئۆهال" لە هەرێمەکە قبوڵ ناکەن و وتی: ئێمە پێشتر بینیومانە ئۆهال لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٨ بووەتە بەڕێوەبەرایەتییەکی زاڵم و زۆردار، نە ئێمە و نە گەل ئۆهال قبوڵ ناکەین".

ساریە دەنیز

 

ناوەندی هەواڵ- ئامەد یەکێکە لەو شارانەی کە کاریگەری بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی لەسەر بوو، لەو شارەدا ٢٠ باڵەخانە ڕووخاون و دەیان بینا زیانیان بەرکەوت و  ٢٤٢ کەس گیانیان لەدەستدا، ژمارەی بریندارەکان گەیشتە هەزاران کەس و ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردن بەردەوامە، پاش بوومەلەرزەکە، پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە مێزی قەیرانەکانی دامەزراند و بەم هەماهەنگییە گەیشتوونەتە زۆر کەس.

 

ڕەمزیە تۆسون، پەرلەمانتاری هەدەپە یەکێکە لە قوربانیانی بومەلەرزەکە و لەو کاتەدا منداڵەکانی خۆی ڕزگارکردن و بردنییە شوێنێکی سەلامەت، دواتر خۆی دەستی بە ڕزگارکردنی زیانلێکەتووان کرد.

 

ڕەمزیە تۆسون کاتژمێر ٥:٠٠ بەیانی چووەتە ناو بینا ڕووخاوەکانی ناوچەی ڕێزان و ڕایگەیاند، کە تا کاتژمێر ١٠ی بەیانی هیچ دەسەڵاتێک نەچووەتە ناوچەکە، خۆیان هەوڵیانداوە کەسانی ژێر بینا ڕووخاوەکان ڕزگاربکەن، وتی: کەسانی ٧ بۆ ٧٠ ساڵ کاریان کرد و خەریکی ڕزگاکردنی ئەوانەبوون لە ژێر بیناکاندا مابوونەوە.

 

"هەزارەها خەڵک لە دەرەوەن"

ڕەمزیە تۆسون ڕایگەیاند، کە دوای ئەوەی هەموویان شۆکی سەرەتایان تێپەڕاند، هەموو ناوچەکان ئامەد بوون بە شوێنی هاوکاری و وتی: ئێمە وەک مێزی قەیرانەکانی هەدەپە لەگەڵ خەڵکی ئامەد پێکەوە کاردەکەین، ئافاد تا ئێستا چادری بۆ خەڵک دانەمەزراوە و چەندین بینای شارەکەش زیانیان پێگەیشتووە، واتە هەزاران کەس لەسەر شەقامەکان ماونەتەوە، دەبێت دەستبەجێ چادر لە شارەکە دابنرێت یان کەرەڤانە دابندرێت، لە ئێستادا هەزاران کەس لە دەرەوەن و ماڵەکانیان زیانیان پێگەیشتووە و پێویستە لەم بوارەدا دەستبەجێ هەنگاو بنرێت پێویستە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر.

 

"ئەوان یارمەتی دەکەنە ئامڕازی هەڵبژاردن"

ڕەمزیە تۆسون، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە ڕووی هاوکارییەوە چەندین راپۆرتیان بۆ کراوە لە میدیاکانی دیجیتاڵدا و وتی: ڕێگری لە چەندین بارهەڵگر دەکەن و ئاڵای ئاکەپەی پێوە دەکەن، هاوکارییەکان وەک ئامرازی هەڵبژاردن بەکاردەهێنن، بە ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی-ئۆهال زیانەکان زیاد دەکەن و ئەم ڕێبازە نە ویژدانییە و نە ئەخلاقییە.

 

ڕەمزیە تۆسون لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: ئەمڕۆ لە ١٠ شار بوومەلەرزەیەک ڕوویدا، لە وڵاتێکی بێ کفن دەژین، کە دەمرین، کفنمان نابێت، خەڵک لە حاڵەتی ماندوو بووندان، خەڵک لە دۆخێکی شکاودان، دەسەڵات دەبێ دەسبەجێ دەست لەکار بکێشنەوە تەنانەت ئەگەر دەست لەکار نەکێشێتەوە، بە دانانی هەزاران تەرم لەسەر شەقامەکان دەسەڵات ئەجەلی خۆی ئامادە دەکات.