دوای بوومەلەرزەکە خەڵکی کۆبانێ لە چادردا دەمێننەوە

خەڵکی کانتۆنی کۆبانی دوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە چەند ناوچەیەکی سوریای گرتەوە، لە دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین.

نورشەن عەبدی

 

کۆبانی- بەشێکی زۆر لە خێزانەکانی کانتۆنی کۆبانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی تورکیا و سوریا و بەتایبەت ناوچەکانی باکووری کوردستانی گرتەوە، زیانیان بەرکەوت و هەزاران کەسیش ئاوارەبوون.

 

 

ئیدارەی خۆسەر لە هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاستەوخۆ ڕێوشوێنی پێویستی بۆ بوومەلەرزەکە گرتەبەر و لە کۆبانی لە ١٠ خاڵی سەرەکی شارەکەدا ١٣ چادری بۆ پەناگەی خەڵکی زیانلێکەوتوو دانا.

 

منداڵان لەناو چادرەکاندا دەمێننەوە

لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنانەی کە ئیدارەی خۆسەر گرتوویانە بەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر بارودۆخێکی نائاسایی دوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە ناوچەکە ڕوویدا، وەحیدە عومەر، هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار لە کانتۆنی کۆبانی دەڵێت: لە سەرەتای ٦ی شوباتدا بوومەلەرزەیەک تورکیای گرتەوە، دوای بوومەلەرزەکانیش گەیشتە چەند ناوچەیەکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و کۆبانی لەناویاندا بوو، زیانی ماددی لە شارەکەدا گەیاند و کاریگەری لەسەر ژێرخانی ئەو شارە دروستکرد، کە پێشتر بەهۆی ئەو شەڕانەی کە گرتبوویان زیانی پێگەیشتبوو.

 

وەحیدە عومەر ڕوونیکردەوە کە ئەم بوومەلەرزەیە توندترینە لەناو ئەو بوومەلەرزانەی کە پێشتر وڵاتەکە ڕووبەڕووی بووەتەوە، "دۆخی خەڵک زۆر سەختە، کارەساتی سروشتی بووەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان کەس لەسەر شەقامەکان و کەمپەکاندا، لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان هێشتا ژن و منداڵ و بەساڵاچوو لە ژێر داروپەردوودا ماون، دژی مردن بەرەنگار دەبنەوە، هاوکات دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی شانەی قەیرانەکان، ڕەوتی کارەکان گواسترایەوە بۆ دەسەڵاتی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار لە ناوچەی فورات بۆ بەڕێوەبردنی کەمپەکان و جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی خەڵک، هۆکاری بوونی زیانێکی ماددی گەورە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ناوچەکە بە ئەزموونێکی لەو شێوەیەدا تێپەڕ نەبووە، وەک چۆن شایەتحاڵی بوومەلەرزەی لەوشێوەیە نەبووە.

 

دەستەی تەندروستی و مانگی سوری کورد لە کۆبانێ خزمەتگوزاری پزیشکییان پێشکەشکرد لەناو ئەو چادرانەی کە خەڵکی تێدا نیشتەجێ بوون،  هەروەها شارەوانی کۆبانی توانی لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو بینایانەی بەهۆی بوومەلەرزەکە زیانیان بەرکەوتووە، پشکنین بۆ ٤٠ خانووی شارەکە کراوە و هەندێک خانووش بە تەواوی ڕووخێنراون و دروستدەکرێنەوە چونکە مەترسیدار بوون بۆ خەڵک.

 

سەبارەت بە ڕۆڵی شارەوانی لە بەدواداچوون بۆ دۆخی خەڵک و خانووە زیانلێکەوتووەکان، ڕوشەن عەبدی، هاوسەرۆکی شارەوانی کۆبانی لە دەڤەری فورات ڕایگەیاند، "لە یەکەم ڕۆژی بوومەلەرزەکەوە شارەوانییەکە لە ئامادە باشیدایە بۆ ئەوەی خەڵک بپارێزێت، سەرەتا کار دەکات بۆ پاککردنەوەی ڕێگاوبان و شەقامەکان لە داروپەردووی بیناکان، کرێکارانی شارەوانی ڕۆژانە ٢٤ کاتژمێر کاردەکەن بەمەبەستی خزمەتکردنی خەڵک و سەلامەتییان، و ژمارەی فریاگوزاری لە شارەکەدا بڵاوکرایەوە بە پێشبینی هەر دۆخێکی نائاسایی.

 

"ئێمە زۆر ئازار دەچێژین بۆ گەلەکەمان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان"

سەنەم شێخۆ خەڵکی کانتۆنی عەفرینە، کە تورکیا و بەکرێگیراوەکانی داگیریان کردبوو، باس لەوە دەکات کە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە شارەکەی خۆی ئاوارە بووە و چووەتە شاری کۆبانی، "دوای داگیرکردنی شارەکەم، ئێمە ناچار بووین لە ماڵەکانمان و شارەکەمان هەڵبێیت و لەو ماڵانەدا نیشتەجێ بین کە سەلامەت نەبوون بۆ ژیان، ئێستا ئیدی ناتوانین لە ترسی بوومەلەرزە بچینە ماڵەکەمان، ناتوانین بخەوین و نە خواردن بخۆین لە ترسی مردنی منداڵەکانمان، ئەبێ هێشتا چەند جاریتر ئاوارە دەبین؟.