ئامارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا؛ هەزار و ٥٠٨ کەس گیانیان لەدەستداوە

کاریگەری بوومەلەرزەکەی دوێنێی کوردستان تا دێت زیاتر دەبێت، تا ئێستا هەزار و ٥٠٨ کەس لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٦٠٥ کەسیش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٤ پلە لە باکووری کوردستان و باکور و ناوەڕاستی سوریا ڕوویدا و هەروەها لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیش هەستی پێکرا، تا ئێستا بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران باڵەخانەش ڕووخاون.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی دیمەشق ڕایگەیاند، لە شارەکانی حەلەب، حەما، لازقیە، تەرتوس و لادێکانی ئیدلب، ٧٦٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٤٤٨ کەسیش برینداربوون، ئەمەش تەنها ناوچەکانی حکومەتی دیمەشق دەگرێتەوە.

 

دەستەی تەندروستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٧ کەسیش برینداربوون.

 

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی لە ناوچەکانی سوریای ژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوانی سوریاوە هاتوون، ٧٣٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار و ١٠٠ کەسیش بریندار بوون.