مەترسی سەپاندنی سێدارە بەسەر موژگان کشاوەرز هەیە

موژگان کەشاوەرز، چالاکوانی مافی ژنان لە ئێران گیانی لە مەترسیدایە و ئەگەری هەیە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ محەمەد موقیمی، پارێزەری موژگان كەشاوەرز، چالاكوانی مافی ژنان ڕایگەیاند، گیانی موەكیلەكەی لە مەترسیدایە و ئەگەری هەیە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێندرێت.

 

وتیشی: موژگان كەشاوەرز، كە چالاكوانی مافی ژنانە و یەكێكە لە ناڕازییان بەرامبەر بە حیجابی زۆرەملێ، پێشتر سزای ٢٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، پاشان بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستیی ئازاد كرا، بەڵام ئێستا بەكردنەوەی دۆسییەكی نوێ لە دژی و تۆمەتبارکردنی بە 'بڵاوكردنەوەی ناپاكی لەسەر زەوی'، ئەگەری هەیە سزای لەسێدارەدان بەسەریدا بسەپێندرێت.

 

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر ساڵی ٢٠١٩، موژگان كەشاوەرز، لەگەڵ دوو چالاكوانی مەدەنی تر بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی سیستم"، "كۆبوونەوە و هەماهەنگی، بە ئامانجی هەنگاو نان دژی ئاسایشی نیشتمانی"، "هاندان و بڵاوكردنەوەی ناپاكی و بانگەشە دژی حیجابی زۆرەملێ" تۆمەتبار كرابوو.