ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە دەستگیرکردن و سزادانی ژنانی وڵاتەکەی

ژنان لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە تۆمەت و پڕوپاگەندەی جیاواز دەستگیردەکرێن و لە زیندانەکان بە چەندین شێواز ڕووبەڕووی هەڕەشە و ئەشکەنجە و توندوتیژی دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

عاتیفە شەماسی، دانیشتووی شاری ئەهواز، مامۆستای کێک و شیرینی دیکۆرات، کە لە ١٥ی کانوونی یەکەمەوە لەلایەن ئەفسەرانی ئەمنیەوە دەستبەسەر کرابوو، بە پۆستکردنی بارمتەی دوو ملیار تۆمان بە شێوەی کاتی لە زیندانی سێپیدار لە ئەهواز ئازاد کرا، لەم دواییانەدا عاتیفە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین مانی لە خواردن گرت و دوای ئەوەی بارودۆخی خراپتر بوو، گواسترایەوە بۆ کلینیکی زیندانی سێپیدار لە ئەهواز.

 

 مەهسا فەرهادی، بە دوو ساڵ زیندانی سزادرا

مەهسا فەرهادی ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵەی دانیشتووی تارانە، لە پێوەندی لەگەڵ ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە، بە تۆمەتی سەرپۆش نەکردن و "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" دوای ئەوەی شوێنی کارەکەی بەجێهێشت، لەلایەن ئەفسەرانی ئەمنیەتییەوە لێیدرا و دەستگیرکرا، دوای دوو ڕۆژ لە چاودێری کردنی بارودۆخی کچەکەیان، بنەماڵەی مەهسا بۆیان دەرکەوت کە کچەکەیان دەستگیرکراوە و بۆ زیندانی قەرچک گواستراوەتەوە.

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەهسا فەرهادی لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی شەهریارەوە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و هاوکاری بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" بە ٢ ساڵ زیندانی سزا درا.

 

فاتیمە حەربی، لە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستگیرکرا

فاتیمە حەربی تەمەن ٣٩ ساڵی خەڵکی شاری کەرەج، لە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" لە کاتی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی ئەم دواییەدا دەستبەسەر کرابوو، دوای مانگرتن لە خواردن تووشی هەوکردنی ڕیخۆڵە بووە، فاتیمە بەهۆی نەپۆشینی حیجابی زۆرەملێ، سزای ٥ ساڵ زیندانیکردن و ٢ ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندرا، فاتیمە حەربی، کە لە کۆمپانیایەکی دابەشکردنی کەرەستەی جوانکاریدا کاری کردووە و دایکی دوو منداڵە، بەهۆی ئەوەی لە کاتی چوونە چێشتخانەیەکدا حیجابی زۆرە ملێی نەپۆشیووە، دەستگیرکرا.

 

دوای ٢ ھەفتە بە کەفالەت ئازاد دەکرێت و دوای ماوەیەک بانگ دەکرێت بۆ دادگا بۆ وەرگرتنی واژۆی بە تەلەفۆن، لەوێ دەستگیر دەکرێت و دەبرێتە زیندانی کەچۆی، فاتمە لەگەڵ ١٥ ژنی دیکە کە بەم دواییە لە زیندانی کەچوی دەستبەسەر کرابوون، مانیان لە خواردن گرت و لە ئەنجامدا تووشی هەوکردنی گەدە و ڕیخۆڵە و خوێنبەربوون بوو.

 

سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی فاتمە ڕایانگەیاندووە، بەهۆی پێشینەی نەخۆشییەکانی دڵ و هەوکردنی ڕیخۆڵە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، ژیانی فاتمە لە مەترسیدایە، لە کاتێکدا بەرپرسانی زیندان لە گەیاندنی دەرمان بۆی ڕێگری دەکەن.

 

سینەمای ئێران بێدەنگن لە دەستگیرکردنی کاتایون ڕیاحی

شاعیر سورەیا ڕیاحی راد لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی کاتایون ڕیاحی ڕاگەیاند و نووسیویەتی: بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لە ژێر توندترین هەڕەشە و فشاردا لە دادگا دەرهێنرا، هەرچەندە پێشوەختە ماڵی سینەما ئاگادار کرابووەوە، بەڵام کەس بەرگریی لێنەکرد و هەواڵەکە بە تەواوی بێدەنگی لێکرا بەهۆی هەڕەشەی دەسەڵاتدارانەوە.

 

کاتایون ڕیاحی یەکێک بوو لە یەکەم ئەکتەرەکانی ئێران کە لە سەرەتای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕیدا حیجابەکەی لابرد و نووسیبووی: ژنانی ئێران دەنگی یەکترن و بەسە درۆکردن  لە کۆمەڵگەی خەڵکی ناڕازیدا.

 

کەتایون ڕیاحی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و تۆمەتی "کۆبوونەوە و هاوپەیمانی بە مەبەستی مامەڵەکردن دژی چالاکیی ئەمنیەتی و جوڵانەوە دژی وڵات" درایە پاڵی و پاشان بە کەفالەت ئازاد کرا.