بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ٨ چالاکوانی تەژەئە دەرچوو
٢١ ئەندامی تەجگەری ژنانی ئازاد ئەنقەرە دوای وەرگرتنی لێدوان لێیان گوازرانەوە بۆ دادگای ئەنقەرە و ٨ کەسیان دەستگیرکران و ١٢ی دیکەیان بە مەرجی دەستبەسەری لە ماڵەوە ئازادکران.
ناوەندی هەواڵ
داواکاری گشتی ئەنقەرە لێکۆڵینەوەی لە دژی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد-تەژەئە دەستیپێکرد، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا لە ٢٩ی ئەم مانگە لە ئامەد، موش، ئاگری، دیلۆک، سیرت، ئیستەنبوڵ و ئیزمیر، هەڵیانکوتایە سەر ٢١ ئەندامی ژنی تەژەئە و دوای تەواوبوونی لێدوانەکانیان-ئیفادە لە بەشی پۆلیسی ئەنقەرە، گواسترانەوە بۆ دادگای ئەنقەرە.
لێدوانەکانیان لەلایەن ١٢ داواکاری گشتیەوە کە لەلایەن داواکاری گشتی ئەنقەرەوە دەستنیشانکران، وەرگیرا و ١١ کاتژمێری خایاند.
٨ چالاکوانی ژن دەستگیرکران
داواکاری گشتی هەریەک لە فیگەن ئاراس، فیگەن ئەکتی، مەکیە ئۆرمانچی، بەدیعە ئاککایا، دیدار چەشمە، هاتیجە گونگۆر، هولیا کیناگو و گوڵستان دەهشەت، بە بیانووی "بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەکە" و "کارکردن بەناوی ڕێکخراوەکەوە" لێدوانیان لێوەرگیرا، بە داواکاری دەستگیرکردن ڕەوانەی دادگا کران و دادگا هەر ٨ ژنەکەی دەستگیرکرد.
دەستگیرکردن لە ماڵەوە بۆ ١٣ ژن
یەلیز ئایلدیز کیاک، هولیا تاشار، زەکییە گولەر، زەینەب بۆگا، سوڵتان ئیسەن، مەرال شیمشەک، د.ئە. هەزال ئاراس، مەرڤە تەکین دەمیرەل، ئایسەل جەیلان، بێریتان جانیش، تامجیهان چەلەبی و هاتیجە ئای لە ئامەد لە ڕێگەی ئامێری سەگبیسەوە ئیفادەیان لێوەرگیرا و بە بڕیاری لە ماڵەوە دەستبەسەرن، ئازاد کران.
فیگەن ئەکتی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە
فیگەن ئەکتی ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بووەتەوە و ڕاپۆرتی لێدانەکەی پێگەیشت، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری ئەنقەرە دەستی بەسەر ڕاپۆرتەکەدا گرت، ئەوەش زانرا کە فیگەن ئەکتی بەهۆی ئەو ئەشکەنجەیەوە لێدوانی بۆ پۆلیسی ئەنقەرە نەداوە، کاتێک براوەتە بەردەم داواکاری گشتی دادگای ئەنقەرە، لە هۆشی خۆی چووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.