ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداوستی تایبەت لە هەڵەبجە بەرز ڕاگیرا
شانۆییەک تایبەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت نمایشکرا و مامۆستایەکیش باسی لەوەکرد کە دەبێت لە منداڵییەوە ئاگاداری دۆخی تەندروستی منداڵان بین تا نەخۆشیی تیایاندا زیاد نەکات.
هەڵەبجە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پارێزگای هەڵەبجە بەبۆنەی ٣ی کانوونی یەکەم، ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی و سەنتەری ئۆتیزم لە هەڵەبجە ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەتیان بەرز ڕاگرت و چەند چالاکییەکی هونەری پێشکەشکرا.
نیشتمان جەمال، مامۆستای خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ نوژنها دوا و وتی: لە جیهاندا بە گشتی ڕێژەی خاوەن پێداویستی ڕوو لە زیادبوونە هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لێکۆڵینەوەکان وردتر کراونەتەوە و کۆنیشانەکانی نەخۆشییەکان دیاریکراون، ئەگەر بە نمونە باسی نەخۆشی ئۆتیزم بکەین، ئێستا هەندێک منداڵ هەن کە ئۆتیزمیان نییە، بەڵکو کێشەی درەنگ دواکەوتنیان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خێزان کەمتر لەگەڵ یەکتر دەدوێن زیاتر لەسەر ئەو منداڵانە ڕەنگ دەداتەوە.
هەروەها وتیشی: لەکاتی لەدایکبوونی منداڵدا هەندێک لەلایەن پزیشکەکانەوە ڕادەکێشرێت یان بەرکەوتنێکیان دەبێت، بۆیە دەبێت لەو کاتەدا دیاریبکرێت و چارەسەر بکرێت، ئێمە وەکو پەروەردە دواتر دەتوانین کاری لەسەر بکەین، بەڵام دەبێت لەسەرەتاوە ئاگاداری منداڵەکان ببن و ڕێگەنەدەن حاڵەتی نەخۆشییەکەی زیاد بکات.
چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی بەردەوامی دەبێت و وابڕیارە لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینارەکانیانەوە هاوڵاتیان هۆشیاربکەنەوە لە ماف و ئەرکی خاوەن پێداویستی تایبەت.