ژنانی سیستان و بەلوچستان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەرز کردەوە
ژنانی سیستان و بەلوچستان بە مەبەستی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد و ئەو دروشمەیان بەرزکردەوە کە بووەتە دەنگی شۆڕشی ئێران.

ناوەندی هەواڵ
ژنانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد و بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە ئینتەرنێتدا بڵاوبوونەتەوە، دەیان ژن کە جلوبەرگی شادۆ یان بەلوچییان لەبەردایە لە سیستان و بەلوچستان، لافیتەیان بەرز کردووەتەوە و دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" لەسەر نووسراوە، بەوەش پشتیوانی خۆیان بۆ پشتیوانیکردن لە ڕاپەڕینی گەل دووپاتکردەوە.
لە درێژەی ڕاپەڕینەکەدا دەیان خۆپیشاندەر لە زۆرێک لە شارەکاندا هاتنە مەیدانەکان و دروشمی دژە ڕژێمیان بەرزکردەوە.
جێی ئاماژەیە لەگەڵ دەستپێکی ڕاپەڕینی گشتی کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینیی، ٢٠ ساڵی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە، سەریهەڵدا، نزیکەی ١٢٠ کەس لە سیستان و بەلوچستان کوژران.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، هێزە ئەمنییەکان بە فیشەک هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران.