پەیامی ١٣١ کەس بۆ حکومەتی هەرێم وOPCW دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا
١٣١ دەمەزراوە و کەسایەتی و لایەنی سیاسی پەیامێکی کراوەیان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی OPCW کرد دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ، ٣٠ تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی قوربانیانی چەکی کیمیاییە، ١٣١ دامەزراوە و کەسایەتی و لایەنی سیاسی پەیامێکی کراوەیان ئاراستەی حکومەتە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی-OPCW سەبارەت بە تورکیا و حکومەتی باشووری کوردستان کرد و داوا کراوە هێرشەکان ڕابگیرێت و لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بکرێت.
لە پەیامەکەدا هاتووە، "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانیدا دژی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە باشووری کوردستان دەنووسین، هەروەها لە کاتێکداین کە دەوڵەتی تورکیا جارێکی دیکە هاوڵاتیانی مەدەنی لە سوریا دەکاتە ئامانج و خۆی بۆ هێرشی زەمینی دیکە کۆدەکاتەوە"، هەروەها باسی لە وێنەی ئەو چەکە کیمیاییانەی کە لە ١٨ی تشرینی یەکەمدا لە دژی گەریلاکانی پەکەکە بەکارهێنران، کرد، کە لە ئەنجامدا ١٧ گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستدا.
لە درێژەی پەیامەکەدا هاتووە، "پێش ئەوەی ئەو دیمەنانە بڵاوبکرێنەوە، مانگی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ناحکومی پزیشکانی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە شەڕی ئەتۆمی-IPPNW بڵاوکرایەوە، کە لێکۆڵینەوەی لە تۆمەتەکانی دیکەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کردووە و داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی کردووە لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی.
لە ساڵی ٢٠٢١دا چاودێرانی مافی مرۆڤ و میدیا ناوخۆییەکان لانیکەم جارێک زیانی گیانی مەدەنییان بە هۆی ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە ڕاگەیاندووە. نووسەرانی ڕاپۆرتی IPPNW ویستوویانە چاویان بە هاوڵاتییە مەدەنییە بریندارەکان بکەوێت، بەڵام لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕێگرییان لێکراوە، ئێمە تێدەگەین کە OPCW تەنها دەتوانێت لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بکات کاتێک دەوڵەتێک داوای بکات، بەڵام بەڕای ئێمە ئەم میکانیزمانەی کە هەن لەگەڵ واقیعی شەڕی ئەمڕۆدا ناگونجێن. گەلانی بێ دەوڵەت و ئەکتەرە سیاسی و سەربازییە نادەوڵەتییەکان بە قووڵی تێوەگلاون لە ململانێ مۆدێرنەکاندا.
هەروەها دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان دەنگی ئەو کەسانە سەرکوت دەکەن کە دەیانەوێت حکومەتەکەیان لێپرسینەوە لە کارەکانیان لە شەڕدا بکەن، ئەم دوو مەرجە لێرەدا گرنگن. گەلی کورد دەوڵەتێکی نییە کە بتوانێت دەنگی بۆ بەرز بکاتەوە، ئەوان لە ژێر ڕژێمە سەرکوتکەرەکاندا دەژین کە هاوپەیمانی بەهێزیان لە ڕۆژئاوا هەیە - بۆ نموونە تورکیا کە لەلایەن هاوپەیمانەکانی ناتۆ پشتگیری دەکرێت، بەڵگەی بەردەوامی هەیە لەسەر پێشێلکردنی جددی مافەکانی مرۆڤ.
بۆ ئەوەی یاساکانی مافی مرۆڤ و یاساکانی شەڕ کاریگەر بن، پێویستە بە شێوەیەکی گشتگیر و دوور لە ڕەچاوکردنی سیاسی جێبەجێ بکرێن، پێویستە ڕێگەی زیاتر هەبێت بۆ ئەوەی تۆمەتە باوەڕپێکراوەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی یاساکانی شەڕ لەلایەن دەزگا نێودەوڵەتییە بێلایەنەکانەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت، بەتایبەتی پێشێلکارییە جددیەکانی وەک بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو.
جگە لەوەش ئەم توێژینەوەیانە نابێت تەنها پەیوەندییان بە مێژووەوە هەبێت. دادپەروەری و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن جێبەجێ بکرێت و هەروەها بە ئامانجی چارەسەری سیاسی بەردەوام بێت".
لە پەیامەکەدا داوایەک ئاڕاستەی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی باشووری کوردستان و ڕێکخراوی OPCW کرا.
بۆ ڕێکخراوی OPCW:
-گۆڕینی میکانیزمەکانی لێکۆڵینەوە بۆ دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و لێپرسینەوە لە بەکارهێنانی گوماناوی چەکی کیمیایی.
-لێکۆڵینەوەکە لەسەر ئەو دەنگۆیانەی دەکرێت کە تورکیا چەکی کیمیایی لە باشووری کوردستان بەکاردەهێنێت.
بۆ دەوڵەتی تورکیا:
-کۆتایی هێنان بە سەرجەم چالاکییە سەربازییەکان لە عێراق و سوریا.
-هاوکاریکردن لەگەڵ لێکۆڵینەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی گوماناوی چەکی کیمیایی، تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسیارەکان بکەن ئەگەر پێشێلکارییەکان دۆزرایەوە.
-بۆ چارەسەری کێشەی کورد، بگەڕێنەوە بۆ دانوستانی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە لە ڕێگەی سیاسییەوە.
بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان:
-ڕێگەدان بە لێکۆڵەرە نێودەوڵەتییەکان بە تەواوی بگاتە ناوچە زیانلێکەوتووەکان و کۆمەڵگەکان بۆ ئەوەی بزانن، ئایا تورکیا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە یان نا.
بۆ حکومەتە پەیوەندیدارەکان:
-داوای لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە بکەن لەڕێگەی میکانیزمی هەنووکەیی ڕێکخراوی OPCW.
-کۆتایی هێنان بە فرۆشتنی چەک و هاوکاری ئەمنی بۆ تورکیا.
-فشارخستنە سەر تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەودیوی سنوورەکان لە عێراق و سوریا.
-پشتیوانی و هاوکاری بۆ گەڕانەوەی دانوستانی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە ڕێگەی سیاسی.