لە ئامەدەوە؛ سڵاو بۆ ژنە خۆڕاگرەکانی ڕۆژهەڵات

ژنانی ئامەد سەرەڕای ئاستەنگەکانی پۆلیس گردبوونەوە و بە بەر بارانەوە لە شەقامەکانی ئامادەوە سڵاویان بۆ هەموو ژنە خۆڕاگرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نارد.

ئامەد

 

لە ئامەد بە بانگەوازی تۆڕی دژە توندوتیژیی ئامەد و پلاتفۆرمی ژنانی ئامەد-داکاپ، ٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان گردبوونەوە بۆ ئەنجامدانی ڕێپێوان بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە دەورە دراون.

 

ئەو ژنانە، کە سەرەڕای بارانبارینی بەخوڕ و بەربەستی پۆلیس چالاکییەکەیان ڕانەگرت، بە چەپڵە لێدان وەڵامی پۆلیسیان دایەوە و لە شەقامەکانی ئامەدەوە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، "ناگیهان ئاکارسەل نامرێت"، "دەنیز پۆیراز نامرێت"، "شەبنەم کۆرور شەرەفی ئێمەیە" و "بەربەست بۆ بکوژان نەک بۆ ژن"یان بەرزکردەوە و سڵاویان بۆ ژنانی ڕۆژهەڵات نارد.

 

"هەرچییەک دەبێت با ببێت; ژن، ژیان، ئازادی.."

دەرسیم داغ، ئەندامی پەرلەمانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە ئامەد وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: لە کاتێکدا لە هەموو شوێنێک ژنان دەکوژرێن، ژنان لە ڕاپەڕیندان، دادپەروەری پیاو، دەسەڵاتی پیاو، پۆلیسی پیاو هەوڵدەدەن ڕێگری لە ژنان بکەن، لێرەدا جارێکی تر دەڵێین؛ تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت لەدژی ئەو کەسانەی کە کۆمەڵکوژی ژنان و توندوتیژی و ئیرادە و خەباتی ژنان پشتگوێ دەخەن. ڕێپێوانی ژنان ڕێپێوانی ئازادییە، ژنان بەرەو شۆڕش و ئازادی ڕێپێوان دەکەن. هیچ هێزێک ناتوانێت ئەم ڕێپێوانە ڕابگرێت. هیچ سنووردارکردنێک، هیچ پێکهاتەیەکی دەسەڵات ناتوانێت ژن بوەستێنێت، درەنگ یان زوو ژنان ئازادی خۆیان بەدەست دەهێنن و لە هەموو شوێنێک بەردەوام دەبن لە ئاوازی "ژن، ژیان، ئازادی".

 

چالاکییەکە بە چەپڵە و وتنەوەی دروشم کۆتایی هات.