دەستگیرکردنی ئازادیخوازان لە ئێران بەردەوامی هەیە

لەگەڵ شۆڕشی ئێران و پشتیوانی توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە بۆ ئەم ڕاپەڕینە سەرتاسەرییە، دەستگیرکردنەکانیش زیادیان کردووە و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران و لایەنگرانی ئەم ڕاپەڕینە دەسبەسەر دەکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە درێژەی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئێران شەپۆلی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیان، چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی، هونەرمەندان، قوتابیان، ڕۆژنامەنووسان و پارێزەران زیاتر بووە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی تا ١٠ ئەم مانگە دەستگیرکراون زیاتر لە ١٥ هەزار کەسە و هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان خۆپیشاندەران بە تاک یان بە گروپ بە تۆمەتی دووبارە و درۆ دەستگیر دەکەن.

 

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی تشرینی دووەم، بەهارە ئێرانمانش و ڕامین مەنسوورنیای هاوسەری دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی باوکی ڕامین مەنسوورنیا، دەستبەسەر کران، هەروەها لە هەمان ڕۆژدا مینا کاوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

 

لە هەمان ڕۆژدا، مەعسوومه حەمید، خوێندکاری دانیشتووی شاری ئه هواز و کامیلا عیڕفانییان، چالاکوانی مافی ژنان و خوێندکاری زانکۆی زانسته پزیشکییەکانی ئەسفەهان، هه ڕوه ها له ماڵه تایبەتەکانیان لەلایەن هێزه ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرکران و بردران بۆ شوێنێکی نادیار.

 

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی تشرینی دووەم، دانیشتنی دادگای تۆمەتەکانی حوسنی (کەژاڵ) وەتەنپوور لە شاری ئیلام لە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفڕانس بەڕێوەچوو، ئەم هاووڵاتییە لە کۆتایی مانگی حوزەیران لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە شاری ئیلام دەستبەسەر کرا، تۆمەتەکانی ئەم هاوڵاتیە کوردە بە کردەوە دژی ئەمنیەت و کۆمەڵگە ناودەبرێن.

 

ەروەها لە هەمان ڕۆژی فەزی ماه جەلیلی، هاوڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی دانیشتووی تاران کە پێشتر لە ٦ی ئەم مانگە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان دەستبەسەر کرابوو، لە زیندانی ئەڤینەوە بۆ زیندانی قەرچاک ڤارامین گواسترایەوە.

 

لە هەمان کاتدا کە شەپۆلی دەستگیرکردن بەردەوامە، ئازادکردنی بەشێک لە چالاکوانانیش باسکراوە. ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ئەم مانگە، سۆسان ڕەزانی، یەکێک لە چالاکوانانی ناسراوی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ژنانی شاری سنە، پاش ١٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردن تا کۆتایی دانیشتنەکان بە دانانی بارمتەی کاتی ئازاد کرا.

 

ئەم چالاکە کرێکارییە ڕۆژی شەممە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سنەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە، ئەم چالاکە کرێکارییە پێشتر بە هۆی چالاکییەکانی لە بواری مافی کرێکاریدا، سزای ٩ مانگ زیندانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی سێ ساڵ و ٧٠ قامچیی بەسەردا سەپێنرابوو.

 

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکانی شاری ئەردەبیل، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەرزوو خالەقی، چالاکوانی مەدەنی شاری ئەردەبیل لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

 

ڕۆژی شەممە ١١ی ئەم مانگە، سۆهەیلا خالیدیان، مامۆستای ناحیەی ١ سنە و سەندیکا و چالاکوانی مەدەنی، لەکاتێکدا هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی، دەستگیرکرا، بنەماڵەی ئەم چالاکە مەدەنییە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی شوێنی مانەوە و باری تەندروستی نییە.

 

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ئەم مانگە، دێنا شیبانی، هونەرمەندی گرافیک و شاخەوان و ڕاهێنەری بەفری خەڵکی شیراز، لە شاری قشم شوێنی کەوتن و دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان، ڕفێندرا و برایە دەستبەسەرکردنی ئیدارەی ئیتلاعاتی شیراز کە بە ژمارە ١٠٠ ناسراوە.