زیاتر لە ١٣٠ بنکە و بارەگای دەوڵەتی تورکیا لە عێراقدا هەیە
سوپای تورکیا زیاتر لە ١٨٥ کیلۆمەتر هاتووە ناو خاکی عێراق و زیاتر لە ١٣٠ بنکە و بارەگای ئەو دەوڵەتە لە عێراقدا جێگیرکراوە.
ناوەندی هەواڵ
لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەناو خاکی عێراقدا تەشەنەی سەندووە و بێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری خاکی عێراق، ئەو دەوڵەتە بنکە و بارەگای سەربازی جێگیردەکات و هێرش و بۆردومانەکانی بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان درێژە پێدەدات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانى ڕاگەیاندووە، سوپاى توركیا زیاتر لە ١٨٥ كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی عێراقەوە، ئەمە لەکاتێكدا بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان تورکیا و عێراق لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، هەردوو دەوڵەت تەنها نزیکەی ١٥ کیلۆمەتر دەتوانن بچنە سنوری یەکدی بۆ پاراستنی سنورەکانیان.
وەعد قەدۆ، پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زانیاری زیاتری دەربارەی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە خاکی عێراقدا خستووەتەڕوو و ئاماژەی بەوەداوە، "دەوڵەتی تورکیا زیاتر لە ١٣٠ بنکە و بارەگای سەربازی" لە خاکی عێراقدا جێگیرکردووە و ئەو ناوچانەشی داگیری کردوون دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە.