بە بەشداری سەدان کەس چلەی شەهید ناگیهان ئاکارسەل بەرز ڕاگیرا
٤٠ ڕۆژ بەسەر شەهیدکردنی ناگیهان ئاکار سەلدا تێدەپەڕێت، ئەمڕۆ بە بەشداری سەدان کەس بەڵێنی درێژەدان بە خەباتەکەی دووپاتکرایەوە.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ١٢ی تشرینی دووەم لە تەلاری تەوار لە شاری سلێمانی، مەراسیمی چلەی ماتەمینی شەهید ناگیهان ئاکارسەل، کە لە ٤ی تشرینی یەکەم بە ١١ فیشەک لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا شەهید کرا، بە بەشداری سەدان چالاکوان، ژنان و ئازادیخوازان بەرز ڕاگیرا.
لە مەراسیمەکەدا باس لە هەوڵ و تێکۆشانی شەهید ناگیهان ئاکارسەل کرا و داوای بەسزا گەیاندنی تاوانبارانی تاوانەکەیان کرد، هەروەها سینەفزیۆنێک لەبارەی ژیانی شەهید ناگیهان نمایشکرا و لە کۆتایشدا پەیامی بەردەوامیدان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و ڕێبازەکەی لەلایەن بەشداربووانی مەراسیمەکە بە جلە کوردییەکانی ناگیهان ئاکارسەلدا هەڵواسرا.
"بیرە تاریکەکان هەوڵی کپکردنی ئازادیخوازان دەدەن"
لە مەراسیمەکەدا بەیاننامەی دەستەی دەستپێشخەری ژنانی باشووری کوردستان لە لایەن شۆخان میرزا خوێنراوە و ئاماژەی بەوەکرد، جێگەی دڵ ئارامیە کە خەبات و تێکۆشانی ژنانی گەلانی ئازادیخواز هەر ڕۆژە و بەرەو هەنگاوی گەورەتر دەچێت، ئاشکرایە بیرە تاریکەکان لە هەوڵی کپکردن و لەناوبردنی ئازادیخوازانن.
ئەوەشی خستەڕوو، کە ناگیهان ئاکارسەل لەگەڵ ژنانی ئازادیخوازی باشووری کوردستان لە هەوڵی سازکردنی یادگایەکی مێژووی بوون بۆ ژنانی کورد و ناوەندێک بۆ خۆناساندن، دوژمنان ویستیان بە شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل هەوڵ و تێکۆشانەکانی لەناوببەن، بەڵام تێکۆشان بەرفراوانتر بوو، هەروەها داوایان لە ژنانی باشووری کوردستان کرد کە بەردەوامی بە خەبات و تێکۆشانەکانی شەهید ناگیهان بدرێت، ڕووبەڕووی ئەو توندوتیژیانە ببنەوە کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت".
"خۆڕاگری ناگیهان دوژمنی توڕە کردبوو"
نەجیبە قەرەداغی، لەسەر ناوی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بەیاننامەی خوێندەوە و وتی "من هەوڵدەدەم بەو زمانە قسە بکەم کە شەهید ناگیهان قسەی پێدەکرد، خۆڕاگری شەهید ناگیهان وایکرد کە دوژمنێک هەموو فیشەکەکانی ناو چەکەکەی بەکاربهێنێت لە بەرامبەر جەستەی ژنێکی خۆڕاگر و زانادا، ئەم هێرشە نامەردانەیە و ساتەوەختی دابڕانی ڕۆحی ناگیهان لە جەستەی مرۆڤێکی تێکۆشەر ساتەوەختێکی ئاسایی نییە و ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی مێژووییە، شەڕێکە لە نێوان دوو زیهنیەتی تاریکپەرستی و زیهنیەتێک کە شەڕ لەپێناو گەیشتن بە حەقیقەت دەکات، ئێمە لەبەردەم تیرۆرێکداین کە مرۆڤە ویژدان زیندووەکانی هەژاند و ئەم کردەوە بە ئاسایی نابینن".
"دوژمنان دەیانەوێت بە شەهیدکردن و چەکی کیمیای ئازادیخوازان بێدەنگ بکەن"
نەجیبە قەرەداغی لە درێژەی قسەکانیدا وتی "دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی دەنگ دەداتەوە، سەدەیەکە کە بە سەدەی ژن پێناسە دەکرێت، هەربۆیە دوژمنانی کورد دەیانەوێت بە فیشەک و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ئازادیخوازان شەهید بکەن، ئێمەش بەو مێژووە ئازدییەی کە بە ڕەنج وتێکۆشان و قوربانیدانێکی زۆر بونیادمان ناوە ئەو دەنگە دەگەیەنینە هەموو جێیەک."
نەجیبە قەرەداخی ئەوەشی خستەڕوو، کە پەرتەوازەیی ژنان هێزی داوەتە دوژمن و وای لە دوژمن کردووە بە ئاسانی ئازادیخوازان شەهید بکرێن، کۆمەڵگە ئامێزی خۆی کردووەتەوە بۆ ئەوەی دوژمن وەک دووپشک خۆی حەشار بدات، دەبێت شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل کۆتایی بەو پەرتەوازییەی ژنان بهێنێت و هەوڵبدرێت بیکەینە هێزی ئیرادە بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی.
"بە یەکگرتووی ژنان تۆڵەی شەهید کردنی ناگیهان ئاکارسەل دەکەینەوە"
گەشە ئەحمەد، ئەندامی تەڤگەری ئازادی، کە بەشداربووی مەراسیمەکە بوو، ئاماژەی بەوەکرد، ناگیهان ئاکارسەل ژنێکی بەتوانا و خەباتکار بوو و دەیویست هەموو ژنانی جیهان بە فکرێکی ئازاد بیربکەنەوە، وتیشی: پێویستە ئێمە بە یەکگرتنی ژنان و پەروەردەکردنی تاکی کۆمەڵگە تۆڵەی ناگیهان ئاکارسەل بکەینەوە و خەباتەکەی ون نەکەین.