پۆلیسی تورک پەیامنێرانی ئاژانسەکانی ژن نیوز و میزۆپۆتامیا دەستبەسەرکرد

پەیامنێرانی ئاژانسەکانی ژن نیوز و میزۆپۆتامیا لەلایەن پۆلیسی تورکەوە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی داواکری گشتی ئەنقەرەدا، دەستبەسەرکران.

ناوەندی هەواڵ

 

هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسییان ئەنجامدا و لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتی ئەنقەرەدا، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر چەندین ماڵ و پەیامنێرانی ئاژانسی ژن نیوز و ئاژانسی میزۆپۆتامیایان دەستبەسەر کرد.

 

 

پەیامنێرانی دەستگیرکراوی ئاژانسی ژن نیوز پێکدێن لە حەبیبە ئەرەن و دەریا رەن، هەروەها ئۆزنور دەگەر لە قۆسەری ماردین دەستبەسەر کرا.

 

لە چوارچێوەی هەمان لێکۆڵینەوەدا، هەریەکە لە پەیامنێرانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، سەلمان گوزەلیوز لە ئامەد، هاکان یاڵچین لە وان و دیرەن یورتسەڤەر لە ئەستەنبوڵ دەستبەسەر کران، بەپێی زانیارییەکان پۆلیس دیرەن یورتسەڤەریان بردووە بۆ بەشی پۆلیس لە شەقامی ڤەتان.

 

هاوکات پۆلیسی تورک هەڵیکوتایە سەر ماڵی ئیمروڵڵا ئاجار، پەیامنێری ئاژانسی میزۆپۆتامیا و دەستبەسەری کرد، و دەستیان بەسەر ماڵەکەیدا گرتووە، هەروەها پۆلیس لەو هەڵکوتانەدا دەستی بەسەر گۆڤارەکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و ژنۆلۆژی و سەدان کتێبدا گرت.