شاری هەڵەبجە پشتیوانی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی

توێژە جیاوازەکانی شاری هەڵەبجە ئێوارەی دوێنێ گردبوونەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەربڕی و دروشمى "بەڵێ بۆ ئازادی"یان بەرزکردەوە.

هەڵەبجە

 

ئێوارەی دوێنی ژمارەیەک لە چالاکوانان و توێژە جیاوازەکانی شاری هەڵەبجە لەناو بازاڕی شارەکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا، دروشمى "شیوەنى من شیوەنى یەكسانیە بانگى ئازادى و گروی یەكسانیە"، "ئازادى بۆ ڕۆژهەڵات"، هەڵەبجە ئاوارە بوو، هەر ڕۆژهەڵات پەنای بوو" و چەندین دروشمی دیکە بەرز کرانەوە.

 

سۆما ڕەفیق، ژنێکی گەنجی بەشداربووی گردبوونەوەکە بۆ نوژنها دوا و وباسی لەوەکرد، هەڵەبجە هەمیشە خۆی بە پشتیوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێت، چونکە لە کاتی ئاوارەی و کیمیابارانی هەڵەبجەدا تەنها ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانیان بووە، وتیشی: ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاونیشتمانی ئێمەن و بە بینینی ئێمە گڕوتینی تێدەکەوێت.

 

سۆما ڕەفیق داوا لە سەرجەم شارەکانی دیکەی باشووری کوردستان دەکات بێنە سەرشەقامەکان و بەیەک دەنگ بڵێین "ژن، ژیان، ئازادی".

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەی هاوبەشی بەشداربووان لەلایەن ئاسۆ ڕەفیق خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە، "لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕژێمی فاشیستی ئێران بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە ڕووبەڕووی ئازادیخوازان بوویەوە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان كەس و ڕۆڵەی کورد و گەلانی ئێرانی شەهید كردووە، ئێمەش لە ڕوانگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی بە هەموو جۆرێک دژی فاشیزم و تیرۆر دەوەستینەوە، كە بەرامبەر گەلی كورد و گەلانی دیكەى ئیراندا دەکرێت".

 

ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەکاتێکدایە کە لە ١٥ی ئەیلولدا ژینا ئەمینی، ٢٢ ساڵی خەڵکی شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری تارانی پایتەختی وڵاتی ئێران لەلایەن پۆلیسی ڕەوشت بە بیانووی حیجاب دەستگیردەکرێت و پاش ئەشکەنجە گیان لەدەستدەدات، شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بۆ داواکاری ڕژێمی فاشیست و خۆسەپێن و دژەژنی ئێران لە شارەکانی ئەو وڵاتە تەشەنەی سەند و باشووری کوردستانیش بە چالاکی جۆراجۆر پشتیوانی لە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات.