دەوڵەتی تورک ڕێگەی نوێ لە باشووری کوردستان دروست دەکات

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەردەوامە لە هێرش و داگیرکارییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان و چوار ڕێگەی نوێ لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سنوری شارەدێی کانی ماسی سەر بە قەزای ئامێدی زیاتر لە سێ مانگە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ڕێگەیەک دروستدەکات کە لە گوندی دەشتانێ دەستپێدەکات و بە دەڤەری نهێلێ دەڕوات، تا دەگاتە سەری کۆرک و گوندی بناڤیا، نزیکترین گوندی ئاوەدانیش لەو ڕێگەیە "تڕوانش"ە کە خەڵکی تێدایە و بەردەوام دەوروبەری بۆردومان و تۆپباران دەکرێت.

 

ڕێگەی دووەمیش لە گەلیی فەقیر بەرەو گوندی بێتکار دروستدەکات کە درێژییەکەی ٦٠ کیلۆمەتر دەبێت،

هەروەها ڕێگەی سێیەم و چوارەمیش لە قۆناغی سەرەتای کارکردنیانن و یەکێکیان لە دەڤەری نێروە و ڕێکانە و ئەوی دیکەیشیان لە نزیک زنجیرە چیای مەتینایە.

  

ئامانجی تورکیا لە دروستکردنی ڕێگەکان گەیاندنی هاوکاری سەربازییە بۆ ئەو خاڵە سەربازییانەی کە لە باشووری کوردستان جێگیری کردوون، بەڵام تا ئێستا نە حکومەتی عێراق و نە هەرێمی کوردستان هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە.

 

لەمساڵدا دەوڵەتی تورک ٢٤ خاڵی سەربازی نوێی لە دەڤەری نێروە، ڕێکان و دۆسکی ژووروو داناوە و بەوەش ژمارەی بنکە و خاڵە سەربازییەکانی تورکیا بۆ زیاتر لە ١٠٠ بنکە و بارەگا زیادیکردووە.