بەهۆی خۆراک و ئاوی پیسەوە زیاتر لە ١٠٠ خوێندکار تووشی سکچوون بوون
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، هۆکاری توشبوونی ١٠٠ خوێندکاری لە خوێندنگەکەیەکدا بە سکچوون و ڕشانەوە ئاشکرا کرد.
ناوەندی هەواڵ
لە ٢٢ی ئەلولدا، زیاتر لە ١٠٠ خوێندکاری خوێندنگایەك لەناو شاری سلێمانی بەهۆی توشبوونیان بە سکچوون و ڕشانەوە سەردانی نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی تایبەت بە منداڵانیان کرد، بە مەبەستی بەدواداچوون لە هۆکارەکانی تووشبوونی خوێندکاران بە ڤایرۆسەکە لیژنەیەکی تایبەت لە چاودێری تەندروستی، یەکەی ئاو و یەکەی تەندروستی خوێندنگاکان پێکهێنرا.
دوای سەردانی مەیدانی بۆ خوێندنگەکە و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان لەلایەن بەڕێوەبەراتی خۆپاراستنی تەندروستی بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری خۆپاراستن و لێپرسراوی چاودێری تەندروستی سلێمانی لیژنەکان، هۆکاری ڤایرۆسەکەیان بۆ دەرکەوت کە؛
یەکەم/ ئامادەکردنی خواردن بۆ خوێندکاران لە فرۆشگای خوێندنگاکە بەشێوەیەکی (ناتەندروست) ئامادەکرابوو.
دووەم/ دوای وەرگرتنی نمونەی سەرچاوەی دابینکردنی ئاو لە خوێندنگاکە دەرکەوت ئەو ئاوەی لەڕێگەی (بیرەوە) دابین دەکرێت و خوێندکاران بەکاریدەهێنن لە ڕووی (بەکتریۆلۆجی)وە نەشیاوە و بۆ خواردنەوە ناگونجێت.
بەپێی دەرئەنجامەکان، ئەو دوو هۆکارە زیاتر لە ١٠٠ خوێندکاری خوێندنگەکەی تووشی سکچوون و ڕشانەوە کردووە.