"ئەم شەڕە شەڕی بوون و ئازادییە"

چالاکوانان، ڕۆشنبیران و ڕاگەیاندنکاران هەڵوێستی خۆیان بۆ ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی ئێران دەخەنەڕوو، دەڵێن: ئازادی مرۆڤی کورد پەیوەستە بە ئازادی ژن و ئازادی ژنیش، پەیوەستە بە ئازادبوون لە بیرکردنەوە نەریتیەکان کە ژنی کۆت و زنجیر کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

چالاکوانان، ڕۆشنبیران، نوسەران و ڕاگەیاندنکارانی باشووری کوردستان هەڵوێست و هەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ سەرهەڵدانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ مەرگی ژینا ئەمینی دەخەنەڕوو، ئاماژە بەوەدەدەن کە، " ئەم وزەیە وزەی ژنە، ئەم وزەیە، وزەی کۆمەڵگەیەکە گەڕیدەی ئازادییە، ئەم شەڕە شەڕی بوون و ئازادییە.

 

هەڵویستی هەندێک لە کەسایەتییەکانی باشووری کوردستان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە؛

ئاڤان ڕەفیق سەوزە، چالاکوان، "هەر کارێک بە ستەم و بە ئامانجی چەوسانەوە بکرێت و ئازادی و بوونی مرۆڤەکانی تێدا بخنکێنرێت، حەتمەن کۆتایی دێت، مەرگی ژینا ئەمینی، ئەو خۆشییەی بیرهێنامەوە کە ژنانی ژێر دەستی داعش تێیدا ژیان، کاتێک ژنانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و یەپەژە ڕزگارییان کردن و کۆتاییان هێنا بە ستەم و هەژمۆنی شەمشەمە کوێرەکانی تاریکی، یەکەم کاری ئەو ژنانەش سوتاندنی پەچە و بورقوعەکانیان بوو".

 

ئەم وزەیە وزەی ژنە

نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، "جوانییەکانی ئەم  هەرێمە زۆرن، جوانترینیان ئەم وزەیەیە کە لەم ڕۆژانەدا لە شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێڕان دەبینرێن. دوو سەد ساڵە هێزی هەژموونگەر نێونەتەوەیی و دەوڵەتە سەرکوتکەرەکانی هاوپەیمانیان لەو باوەڕەدان کە خەڵکەکەیان سەرکوت کرد و بە ڕەتاندنی جەستەی ژن و پاڵنەر و زهنیەتە ئایینگەرێتیەکانیان کۆمەڵگە و ژنیان کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام هەر لەو ساتەوەختەی پێیانوایە کە هەموو شتێکیان کۆنترۆڵکردووە و  هەموو شتێک بەدڵی ئەوان بەڕێوەدەچێت، چروسکێک، ئاگر لە هەموو خەون و خەیاڵە فاشیستیەکانیان بەردەدا. من ئەم خاک و کۆمەڵگەیەم بۆیە خۆشدەوێت، هیچ هێزێکی سەرکوتکەر جیهانیی و هەرێمیی و تەنانەت کۆنەپەرستی ناوخۆیی ناتوانێ ڕامی بکات. ئەم وزەیە وزەی ژنە، ئەم وزەیە وزەی کۆمەڵگەیەکە گەڕیدەی ئازادییە، ئەم شەڕە شەڕی بوون و ئازادییە.

 

ژنان دەبنە پێشەنگی شۆڕش دژی ستەمکاری

هەوراز محەمەد، دەرهێنەر، "ئازادی مرۆڤی کورد پەیوەستە بە ئازادی ژن و ئازادی ژنیش پەیوەستە بە ئازادبوون لە بیرکردنەوە نەریتیەکان کە ژنی کۆت و زنجیر کردووە، لە بیرکردنەوەی ئەواندا ئێمەی کورد لە نەوەی ژنە پەرییەکانی سولەیمانین کە شەیتانەکان زینایان لەگەڵ کردن و ئەم بوونەوەرانە بە دونیا هاتن (کوردەکان).. کە سولەیمان دوعای لێکردن و بۆ شاخەکان دوورخرانەوە.. لەم بیرکردنەوەیەدا پیاوانی کورد نەک مرۆڤ نین، بەڵکو باوک شەیتانن و مەترسین بۆ زەوی و دەبێت سەریان بپەڕێنرێت (هەر ئەوەی لە یەکەمین داگیرکاری ئەنفالەوە کراوە تا ئەوەی داعش لەشەنگال و شوێنەکانی تر دەیکرد) ژنە کوردەکانیش نمونەی پەریەکانی بەهەشتن لەسەر زەوی و دەبێت بکرێن بە کەنیزەک (وەک ئەوەی لە ئەنفالی یەکەمەوە دەیکەن تا ئەوەی داعش لە شەنگال و شوێنەکانی تر کردی).

 

چیرۆکی پاکڕەوانبوونی ژینا ئەمینیش درێژکراوەی هەمان چیرۆکە.. چۆن لە رۆژئاوا ژنی کورد بوونە پێشەنگی ئازادی و شۆڕش، لە رۆژهەڵاتیش ژن دەتوانن ببنە پێشەنگی شۆڕش دژی ستەمکاری و دەسەڵاتی نەریتپارێزی دژ بە ئازادی".

 

حسێن عەلی شەریف، "سەری ژینا ئەگەر سەری ئەم ڕژێمە بۆگەنەش نەخوات، ئەوە داخێكیان ئەكات كە جارێكی تر لە پرچی هەموو ژنێك سڵ بكەنەوە، من دەزانم ئەوەی ئەم كۆمارە دڕندەی ڕاگرتووە هێز و توانای سەربازی و ئابوری و جەماوەری نییە، بەڵكو بەرژەوەندی زلهێزەكانی دونیایە كە بە سیاسەتی بزنەكەی هەیاسی خاس لەگەڵ دەوڵەتانی كەنداودا گەمە دەكەن و دەیاندۆشن!

 

خۆ ئەمەش تاسەر ناڕوات، ئەمڕۆ بێت یان سبەی، ژینابێت یان حومەیرا، ژنێك هەر سەری ئەم ڕژێمە دەخوات، ئەوە ڕاستە مەرگی ژینا بەسۆیە، بەڵام كاردانەوەكانی گەلی ڕۆژهەڵاتی ئێمە هێندە جوان و شەرەفمەندانەیە، كە دەمانخاتە ناو ئەو ڕاستییەی كە بێژین ئێمە هێشتا نەكەوتووین و   زیندووین!، گومانیشم نییە دوای فەوتانی ئەم ڕژێمە مەزهەبییەی ئاخوندەكان، بۆ نیو سەدەی تریش مەزهەب و حوكمی مەزهەب، لە بیری خەڵكیدا دەسڕێتەوە!".