شلێر ڕەسوڵی، ژنێک کە مردنی لەبری دەستدرێژیکردن هەڵبژاردبوو، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا
شلێر ڕەسوڵی دوای ئەوەی لەلایەن دراوسێکەیەوە هەوڵدرا دەستدرێژی بکرێتەسەر، لە بینای دووەمی خانووەکەوە خۆی فڕێدا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا، ژنانی مەریوانیش دژی نەبوونی ئاسایشی ژنان گردبوونەوە.
مەریوان
ئەمڕۆ، ٨ی ئەیلول، شلێر ڕەسوڵی کە لە وەڵامی هەوڵی دەستدرێژیکردنە سەری لەلایەن پیاوی دراوسێکەیانەوە، لە نهۆمی دووەمی ماڵەکەوە خۆی فڕێدایە خوارەوە، دوای مانەوەی پێنج ڕۆژ لە نەخۆشخانە نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆچی دواییکرد.
بەپێی زانیارییەکانی نوژنها، کاتژمێر ٢ی شەوی شەممە، ٣ی مانگ، گۆران قادری، خەڵکی گوندی ناسڵ سەر بە ناحیەی سەروئاباد و دانیشتووی شاری مەریوان بە بیانووی خراپی دۆخی ژنە دووگیانەکەی داوای یارمەتی لە شلێر ڕەسوڵی تەمەن ٣٦ ساڵ کردووە و بردویەتییە ماڵی خۆیان، شلێر تێدەگات کە خانووەکە چۆڵە و پیاوەکە مەبەستی دەستدرێژی هەیە، لە نهۆمی دووەمی ماڵەکەوە خۆی فڕێ دەدات، شلێر دەبرێتە نەخۆشخانەی کەوسەر لە شاری سنە و چەندین ڕۆژ بێهۆش دەبێت، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی سەختی زەبرەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
پێشتر میدیاکان ناسنامەی دەستدرێژیکارەکەیان بە ناوی گۆران قاسم پوور خەڵکی گوندی گۆشتخان ناساندبوو، بەڵام سەرچاوەکانی نوژنها لە مەریوان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ناسنامەی ئەو کەسەی کە باسکراوە، گۆران قادری کوڕی قاسم خەڵکی گوندی ناسڵە لە سەروئاباد.
هەندێک سەرچاوە پەیوەندی نێوان گۆران قادری لهگهڵ هێزه ئهمنییەكانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەردەخەن و ڕایدهگهیهنن كه چهند جارێك به تاوانی زۆرداری و دزی و شهڕ دهستبهسهر كراوه و به بێ هیچ سزایهك ئازاد كراوه.
لەم ڕووداوەدا، ژنانی چالاکوان ٦ی ئەیلول لە بەردەم دادگای مەریوان گردبوونەوە و داوای ئاسایشی ژنانیان کرد، ئەمڕۆ ژنانی مەریوان لە هەمان کاتدا لەگەڵ مەرگی شلێر ڕەسوڵی هاتنە سەر شەقامەکان و بە دروشمەکانیان داوای سەلامەتی ژنانیان کرد.