ڕێزان شێخ دلێر بۆ بغداد الیوم: حکومەتی هەرێم بەرپرسیاری پێنەدانی موچەی فەرمانبەرانە

ڕێزان شێخ دلێر ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێم پابەندی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا نابێت و پشتی بە داهاتی دەروازە سنورییەکان و نەوت بەستووە، حکومەتی عێراقیش ٢٠٠ ملیار دینارەکە نانێرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "بغداد الیوم، ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارە لە هەر پێنەدانی مووچەیەکی فەرمانبەرانی هەرێم.

 

لە لێدوانەکەیدا ڕێزان شێخ دلێر ئەوەشی خستووەتەڕوو کە، حکومەتی هەرێم لە پرسی تەرخانکردنی داراییدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا لێکتێگەیشتنەکانی پشتگوێ خستووە و پشتی بە سەرچاوەی هەبوو لەناو هەرێم وەک دەروازە سنوورییەکان و هاوردەکردنی نەوت بەستووە.

 

دەشڵێت: پێویستە حکومەتی فیدراڵی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٢٠٠ ملیار دیناری عێراقی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام ئەو بڕە پارەیە تا ئێستا نەگەشتووە.

 

لەلایەکی دیکەوە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە میانی دانیشتنێکدا کە لە ٢ی تشرینی دووەمدا بەڕێوەچوو بڕیاری ناردی ٢٠٠ ملیار دیناری عێراقی بۆ دابینکردنی موچەی مانگانەی کرێکارانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان دەرکرد و بەپێی زانیارییەکانیش لە مانگی ئایاردا حکومەتی فیدراڵی مانگی ئایار ٢٠٠ ملیار دیناری عێراقی ناردووە بۆ هەرێم.