دوو ڕووداو لە زاخۆ؛ ژنێکی شەنگالی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و باوک و کچێکیش بێسەروشوێنن
پۆلیسی زاخۆ دوو ڕووداوی جیاوازی ڕاگەیاند، کە ژنێکی گەنجی شەنگالی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و باوک و کچێکیش لە کامپی چەم مشکو بێسەروشوێنن.
ناوەندی هەواڵ
دۆخی ئاوارەکانی شەنگال لە باشووری کوردستان لە خراپیدایە و سەرەڕای نەبوونی پێداویستییەکان لە کامپەکاندا، ساڵانە چەندین جار بەهۆی شۆرتی کارەبارەوە چادر و ناوەندەکانیان دەسووتێت، بێکاری و قەیران ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و ناتوانن بە ئازادی هاتوچۆی دەرەوەی کامپەکە بکەن.
ژنان لەناو کامپەکاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و ناچار دەکرێن لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری بکەن، سەرەڕای ئەوەش نەبوونی دەرفەتی کار ژیانیانی زەحمەت کردووە، ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٤ ژنی گەنج لەناو کامپەکانی دهۆک و زاخۆدا کۆتایی بە ژیانیان هات و تا ئێستا بە گوماناوی ماونەتەوە کەیسەکانیان.
دوێنێ، ٥ی ئاب، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ ڕایگەیاند کە ژنێکی گەنجی شەنگالی بە ناوی ن.س.م. لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٨ کۆتایی بە ژیانی هێناوە، تەرمەکەی براوەتە پزیشكی دادی ئەو شارە و هیچ زانیارییەکی دیکە لەبارەی کەیسەکەوە نەخراوەتەڕوو.
لە ڕووداوێکی دیکەدا هەر دوێنێ، ٥ی ئاب باوک و کچێک بە ناوی فاروق میرزا خەلەف و ئاخین فاروق، کە دانیشتووی کامپی چەم مشکون لە سنوری ئیدارەی زاخۆ و شەنگالین بێسەروشوێنن.
پۆلیسی زاخۆ لەسەر ڕووداوەکە داوای هاوکاری کردووە بۆ دۆزینەوەی باوک کچەکە.
جێی ئاماژەیە کە ئاوارەکانی شەنگال لە دوای ٣ی ئابی ٢٠١٤ و هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال ڕوویان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کرد و ژیانیان لە کامپەکاندا بەردەوام دەکەن، دوای ڕزگارکردنەوەی شەنگال و ئارامی ناوچەکە ئاوارەکان خواستی گەڕانەوەیان هەیە، بەڵام پەدەکە ئاستەنگی دروستدەکات و ڕێگە بە گەڕانەوە و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال نادات لەلایەن خەڵکەکەیەوە.