شنۆ ئەشقی خستیەڕوو کە ئاسایشی خۆراک و نەخۆشی شێرپەنجە لە مەترسیدایە
شنۆ ئەشقی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی نەخۆشی شێرپەنجە هۆشداری دەدات و دەڵێت بۆ ئاستێکی مەترسیدار بەرز بووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ
شنۆ ئەشقی، ئەندامی فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە پەڕەی فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە کە ژمارەی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە بۆ ئاستێکی مەترسیدار بەرز بووەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: بەو پێیەی ماوەی نۆساڵە ئامێری پشکنینی پێکهاتەی شێرپەنجەیی و پێکهاتە پارێزەرەکان لە کوالیتی کۆنترۆڵی جۆری خۆراک لە کارکەوتووە و بە بیانووی بێ بنەما چاک ناکرێتەوە، یاسای مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و چەندین ساڵە کاری پێناکرێت، ژمارەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەش بۆ ئاستێکی مەترسیدار بەرزبووەتەوە.
شنۆ ئەشقی باس لە بازاڕی قاچاخ دەکات کە بازاڕەکانی سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێم پڕن لە خۆراکی تەزویر و تەقلید و قاچاغ، کاتێک لەلایەن لێژنەکانی قایمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی دەستی بەسەردا دەگیرێت، دادگا بەهیچ جۆرێک کەیسەکانیان یەکلایی ناکاتەوە و... چەندین وردەکاری تر لە بارەی نرخ و کوالیتی خۆراک هەیە.
ئەگەرچی چەندین جار داوایان کردووە کە بانگێشتی وەزیری بازرگانی بکرێت بۆ لیژنەکەیان، بەڵام ڕەتدەکرێتەوە، لەو بارەیەوە ئەو ئەندامەی لێژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر، دەڵێت: بڕوام وایە کە ئاسایشی خۆراک لە ئاستێکی زۆر خراپدایە و بۆ ئەم مەبەستەش بۆ جاری چوارەم پێشنیارم کرد، لێژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر بانگهێشتی وەزیری بازرگانی بکات و ڕوونکردنەوەی پێویست بدات لەم بارەیەوە، بەڵام تەواوی ئەندامانی لێژنە ڕەتیان کردەوە کە وەزیری بازرگانی بانگهێشت بکرێت و دەڵێن ئاسایشی خۆراک هیچ گرفتێکی ئەوتۆی نییە.