کۆنگرەی ستار بەیاننامەیەکی بۆ ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەمموز بڵاوکردەوە

بە بۆنەی ١٠یەمین ساڵیادی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان، کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و داوای زیادکردنی هێز و بەهێزکردنی ئیرادەی ژنانی لە دژی دوژمنانی شۆڕش و دەستکەوتەکانی ژنان کرد.

قامیشلۆ

 

شۆڕشی ژنان لە رۆژئاوای کوردستان لە ماوەی ١٠ ساڵدا زۆر دەسکەوتی ژنانی پاراست و بوو بە میراتی مێژوویی بۆ خەباتی ژنان. بەبۆنەی ١٠یەمین ساڵیادی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان، کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا یادی ١٠ ساڵەی شۆڕشی ژنان لە رۆژئاوای کوردستان لە گەلی کورد و هەموو مرۆڤایەتی پیرۆز دەکەن و سڵاو بۆ هەموو ئەوانە دەنێرن لە بەرخودانی مێژوویی کۆبانێ تا ئێستا لە بەرخۆدان و ڕەنج و شۆڕشدا بوون.

 

کۆنگرەی ستار بە بیری هێنایەوە کە شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ لە کۆبانێوە دەستیپێکرد و شۆڕشێک بوو بە پێشەنگایەتی ژنان کە بە هەموو تەمەنەکانەوە بەشدارییان کرد و لە هەموو بوارەکانی شۆڕشدا جێگەی خۆیان گرت، "هێزەکانی یەپەژە پێشەنگایەتی بەرخۆدانی دژی چەتەکانی داعش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی گرتە ئەستۆ. ژنان لە هەموو جیهانەوە بەناوی مرۆڤایەتییەوە چوونە ڕۆژئاوا، ئەو شوێنەی کە بەها مرۆییەکان تێیدا دەپارێزرێن و جێگەی خۆیان لە ڕیزەکانی یەپەژەدا گرت، ژیانی خۆیان بەخشی بۆ پاراستنی بەهاکانی هەموومان".

 

لە درێژەی بەیاننامەکەدا کۆنگرەی ستار شەهیدان و پێشەنگانی ژنی شۆڕشی ڕۆژئاوای بەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، "بەم بۆنەیەوە لە ئارین میرکانەوە تا ئانا کامپبێل، لە ئیڤانا هۆفمانەوە، تا ئاڤێستا خاپوور، لە زیلان عەرەبەوە تا ئامارا جەرابلوس، هەموو شەهیدانی پاراستنی خاک و ژیان بەبیردەهێنینەوە و سەریان لەبەرامبەر دادەنەوێنین".