ڕۆژنامەنووسێکی دیپۆرتکراو لەلایەن پەدەکە: قۆڵی ئەردۆغان درێژە
فرێدریک گێردینک شەوی ڕابردوو لە تویتێکیدا ڕایگەیاند کە لە کاتی تێپەڕینی سنوردا بەرەو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن پەدەکەوە دیپۆرت کراوەتەوە، دەشڵێت جێی داخە ئەوەندە لە ژنی قەڵەم بەدەست دەترسن.

ناوەندی هەواڵ
فرێدریک گێردینک، ڕۆژنامەنووسی هۆڵەندی کە لەسەر پرسی کورد کاردەکات، شەوی ڕابردوو لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەدا کە لە هەرێمی کوردستان لە عێراق لەکاتێکدا بەرەو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەپەڕییەوە لەلایەن پۆلیسەوە دیپۆرت کراوەتەوە و گەیەندراوەتە فرۆکەخانەی هەولێر.
ئەو ڕۆژنامەنووسە لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: "قۆڵی ئەردۆغان درێژە"، لە تویتێکی دیکەشدا نووسیویەتی جێگەی داخە کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەوەندە لە ژنێکی قەڵەم بەدەست دەترسن، هەروەها ڕۆژنامەنووسە ناوخۆییەکانی خۆشیان زیاتر لە جاران زیندانی دەکرێن.
فرێدریک دەڵێت: من زۆر شانازی دەکەم کە قەڵەمەکەم زۆر تیژە بۆ دەسەڵات. بەڵام دەزانن چی، هەمووتان کە لەسەر کوردستان و تورکیا دەنوسن، قەڵەمەکانتان تیژ بکەنەوە، ناتوانن هەموومان دیپۆرت بکەن و قەدەغەمان بکەن.
فرێدریک گێردینک، ڕۆژنامەنووسی هۆڵەندی لە ساڵی ٢٠٢١دا لەگەڵ شاندی نێودەوڵەتی ئاشتی هاتە باشووری کوردستان بۆ پشتیوانی و بەرقەرارکردنی ئاشتی بەڵام لەلایەن پەدەکەوە ڕێگری لێکرا و نەیتوانی بگاتە هەرێمی کوردستان.