نێرگز محەمەدی: دهستگیركردنی چالاكوان له ئێران زوڵمێکی ئاشكرایه
نێرگز محەمەدی، زیندانی سیاسی پەیامێکی کراوەی بۆ جاوید ڕەحمان ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسی و لەو پەیامەدا ڕایگەیاند کە دەستگیرکردنی چالاکانی مەدەنی و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانیان ڕوونترین نموونەی "ئەشکەنجەدانی سپی"یە.
ناوەندی هەواڵ
نێرگز محەمەدی، چالاکی مافی مرۆڤ و زیندانی سیاسی لە ئێران، لە نامەیەکی کراوەدا بۆ جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لە دۆخی ئێران و ئەشکەنجە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤی کرد و داوایکرد کە دژی ئەو زوڵمە پشتگیرییەکی کاریگەر بکرێن.
"ئەشکەنجەی سپی ئەنجام دەدرێت"
نێرگز محەمەدی لە نامەکەیدا بۆ جاوید ڕەحمان سەرنجی بۆ دۆخی ئەندامانی سەندیکای مامۆستایان ڕاکێشاوە و نووسیویەتی: ماوەی زیاتر لە ٧٥ ڕۆژە ژمارەیەک مامۆستا و چالاکانی مافی مامۆستایان لە ناوەندە ئەمنییەکاندا لە ژێر فشاردان، لەم کاتەدا ژمارەیەک چالاکی کرێکاریش لە زیندانی تاکەکەسیدان، پێیانوایە ئەمە بە واتای "سەرکوتکردنی ئاشکرا"ی دوو سەندیکای کاریگەر دێت.
نێرگز محەمەدی ئاماژەی بەوەدا کە دەستبەسەرکردن لە ژووری تاکەکەسی و بێبەشکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە نموونەیەکی ڕوونی ئەشکەنجەدانی سپییە کە دژی چالاکانی مەدەنی ئەنجام دەدرێت. هەروەها داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لەم ڕووەوە ڕێوشوێنی کاریگەر بگرێتەبەر.
زوڵمی ئایینی
نێرگز محەمەدی لە بەشێکی نامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە مافی چالاکانی سەندیکا پێشێلکراوە و دەستبەسەرداگرتنی دامودەزگا مەدەنییە سەربەخۆکان یەکێکە لە ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و دواخستن یان پێشگرتنە لە دەستکەوتەکانی خەڵک، هەروەها سیستمی ئێستای بە "زوڵمی ئایینی" ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا کە ڕێکخراو و دامەزراوە مەدەنییەکان بە ئامانجی دیموکراسیکردن بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم زوڵمە ئایینییە و ئەم خەباتە پێویستی بە بەهێزکردنی خەڵکە بە ڕێکخستنی کۆمەڵگەی مەدەنی.