کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ: ئەفغانستان تاکە وڵاتە لە جیهاندا ڕێگە بە خوێندنی کچان نادرێت

کۆمسیۆنی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ئەفغانستان دۆخی ژنانی ئەم وڵاتەی بە نیگەرانییەوە باسکرد و باسی لەوەکرد کە ئەفغانستان تاکە وڵاتی جیهانە ڕێگە بە خوێندنی کچان نادرێت تێیدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی تەمووز کۆمسیۆنی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ئەفغانستان بەیاننامەیەکی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤی ژنان لە ئەفغانستان بڵاوکردەوە و دۆخی ژنانی لەم وڵاتەدا بە نیگەرانییەوە باسکرد و نووسیویەتی کە تاڵیبان دڕندانە مامەڵە دەکات و سنووردارکردنی ژنانی سەپاندووە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ژنان لە ئەفغانستان هەموو ئازادییە مەدەنییەکانیان لەدەستداوە و تاڵیبان مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ و ئازادی ڕادەربڕین و دامەزراندن و هاتووچۆی ژنانی پێشێلکردووە، ژنان بەهۆی ئەو ترس و تیرۆرەی لە شارەکاندا زاڵە، خۆیان لە هاتووچۆ بەدوور دەگرن، کۆمسیۆن نیگەرانی خۆی دەربڕی لە سنوردارکردنی ژنان لە میدیادا، کە ناچاریان دەکات تەنانەت لە بەردەم کامێرای تەلەفزیۆنەکاندا دەموچاویان دابپۆشن، دەشڵێت پێویستە یارمەتی مرۆیی بە ئەفغانستان بدرێت بە مەرجی باشترکردنی بارودۆخی ژنان لەم وڵاتەدا.

 

هەروەها لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: تا تاڵیبان بەپێی ستاندارد و بەهاکانی مافی مرۆڤی ژنان ڕێز لە مافی ژنان نەگرێت، نابێت پرسی داننان بە تاڵیبان لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بوروژێنرێت.

 

کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی ئەفغانستان دەشڵێت: لە بواری مافە سیاسییەکانی ژناندا، ئەفغانستان لە ئاستەنگترین گرووپی ژنانە لە جیهاندا. لە سەردەمی دەسەڵاتی تاڵیباندا، ژنان هەموو مافەکانی بەشداری سیاسی، مافی ئازادی سیاسی، مافی بەڕێوەبردن، مافی یەکسانی لەڕووی سەرچاوە و دەسەڵات، مافی دادپەروەری لە بەهرە و داهێنان، مافی بەکارهێنانی خۆیان لەدەستداوە، ئەو وڵاتە تاکە وڵاتیشە ڕێگری لە بەشداری ژنان لە خوێندندا دەکات.