شەڕڤانانی ئاشوری: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەموو گەلانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج

شەڕڤانانی ئەنجومەنی پاراستنی ئاشوریی خاپوور لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە تایبەتی ناوچەی تل تەمر و گوندەکانی ئاماژەیان بەوەدا ڕێگە نادەن جارێکی تر کۆمەڵکوژییەکی نوێ ڕووبداتەوە.

سۆرگول شێخۆ

 

حەسەکە- ئەو گەلانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژین، دەبنە جێی ئامانجی هێرش و سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی تورکیا، لەناویدا پێکهاتەی مەسیحییەکان، کورد، ئاشوری، ئەرمەنی و کلدانی و گەلانی دیکەی ناوچەی میزۆپۆتامیا هەن، زۆرینەی گەلانی ئەم ناوچەیە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و لەناوچوون بووەتەوە، ئەوانەی کە ماون ئێستا چەکیا هەڵگرتووە و بەرخۆدانی دەکەن و پاراستنی کەنارەکانی ڕووباری خاپوور دەکەن، ئەو هێرشانەشی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا دەقەومێت هەموو گەلانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج، بۆ ئەوە پێکهاتەکان ڕێکخستنەکانی خۆیان دروستکردووە و لە بەرخۆدانی سەردەمدا جێگە دەگرن.

 

"لە هەر هێرشێکدا ئێمە زیاتر بەهێز دەبین"

ئۆرینا خاپوور، شەڕڤانێکی ئەنجومەنی پاراستنی ئاشوریی خاپوورە، ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا قبوڵ ناکەن و وتی: هاوڵاتیانی بێتاوان، منداڵ، ژن، گوند، کلێسا و هەموو شوێنێک لەلایەن تۆپ و فڕۆکەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە کراونەتە ئامانج، ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین، هەر ئەو هێرشانەی ساڵی ٢٠١٥ داعش کردنی ئێستا دووبارە دەبنەوە، بەڵام ئەمجارە دەوڵەتی تورکیایە، کاتێک گوند و کڵێساکانمان بۆردومان دەکەن، ئێمە لاواز ناکات بەڵکو هێز و پەیوەندیمان بە خاکەوە بەهێز دەکات و سووربوونیشمان لەسەر پاراستنی گوندەکانمان زیاتر دەبێت، کاتێک ڕووباری خاپوور لەسەر ڕێڕەوی خۆی دەڕژێت، هەموو بیرەوەرییەکانی ئێمە لەگەڵیدا دەڕژێت، لەبەرئەوەیە کە دەبێت بیپارێزین، خاپوور ڕووبارێکی ئاساییە بۆ هەمووان، بەڵام بۆ ئێمە مانایەکی زۆری ڕۆحی و مێژوویی هەیە، ئێمە منداڵی ئەم خاکەین و ئێمە کۆمەڵگەکەمان و خەڵک و هەمووان دەپارێزین.

 

"بە ئامانجگرتنی کڵێساکان شەڕی ڕۆحی دژی گەلی مەسیحی بەڕێوەدەبەن"

شامیرام سیمۆن، شەڕڤانێکی دیکەیە و باس لەوەدەکای کە ئامانجی دەوڵەتی نوێی تورکیا دووبارە کۆمەڵکوژی گەلە و  وتی: ئێمە دوور نین لە هێرشی داگیرکەران، ئامانجی ئەمجارەیان کۆمەڵکوژی گەلی مەسیحیە، چونکە یەکێکە لە کۆنترین گەلەکانی کەنارەکانی ڕووباری خاپوور، گەلی ئێمە کۆچ ناکات، هەتا یەکێکمان بمێنێتەوە ئەم خاکە دەپارێزین، ئێمە لێرەین و لێرە دەبین داعش ٨ کڵێسای بۆمبارانکرد و تەقاندەوە، کاتێک هێرشی کردە سەر گوندەکەمان هەر ئەو کارەی کە ئەمڕۆ داعش کردوویەتی دەوڵەتی تورک دەیکات، بەڵام بە واتایەکی تر، سەرەڕای بۆردومانی کڵێسای گوندی تل تەویل کڵێساکانی دیکەش تەقێنراونەتەوە، دەوڵەتی تورک بە ئامانجگرتنی کڵێساکان شەڕی ڕۆحی دژی گەلی مەسیحی بەڕێوەدەبات، بەڵام ئێمە هەین و لەناو کڵێسا ڕووخاوەکانیشدا هێشتا زەنگی کڵێساکان لێدەدات.