نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنانی بەتەمەن دەکات
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە دەوڵەتەکان کردووە کە دژی توندوتیژی و گێچەڵکردن و پشتگوێخستنی ژنانی بەتەمەن بوەستنەوە.

ناوەندی هەواڵ
شارەزایانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و داوایان لە دەوڵەتەکان کرد کە پابەندبوونیان نوێ بکەنەوە بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو شێوازەکانی دەستدرێژی و توندوتیژی دژی ژنانی بەتەمەن، بۆ پیادەکردنی مافەکانی مرۆڤ و کارکردن لە دژی هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە بەرامبەیان.
بەپێی ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕێژەی توندوتیژی دژی کەسانی بەتەمەن و توندوتیژی خێزانی زیادیکردووە، ٪٣٤ی ژنانی تەمەن سەروو ٦٠ ساڵ سکاڵایان تۆمارکردووە کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، لەو چوارچێوەیەدا شارەزایان داوای پۆلێنکردن و بەڵگەکردنی ئاستی توندوتیژی دژ بە ژنانی بەتەمەن دەکەن.