"پێویستە ژنان بە ڕووی داگیرکەریدا بوەستنەوە"
لە ڕۆژی بەرەنگاری دژی داگیرکاریدا لە جیهاندا چالاکی بەڕێوەچوو، لە شاری سلێمانیش دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕێپێوانێک ڕێکخرا، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان کرد و ژنانیش دەڵێن لە شاری ئازادیخوازان ڕێگریمان لێدەکرێت و پشتیوانی داگیرکاران دەکرێت.
سلێمانی
دوێنێ، ١١ی حوزەیران، هاوکات ڕۆژی بەرەنگاری دژی داگیرکاری، سەکۆی دژی داگیرکاری کە پێکدێت لە کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مەدەنی و کەسانی سیاسی و ئازادیخوازان، لە شەقامی شاری سلێمانی گردبوونەوە بە ئامانجی ئەنجامدانی ڕێپێوانێک بەرەو باخی گشتی، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگریان لێکرا.
ئامانجی ڕێپێوانەکە ئیدانەکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان و بڕینەوەی دار و دارستانەکان، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژکردنی کوردان بوو.
دوای ڕێگری هێزە ئەمنییەکان، بە پێشەنگایەتی ژنان وەک ناڕەزایەتییەک شەقامی سالم گیرا و دواتر بەیاننامەیەک دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ڕێگری هێزە ئەمنییەکان خوێنرایەوە و داوایانکرد لەپێناو دەنگی ئازادی گەل ڕێگریان لێنەکرێت و چیتر دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان نەبنە کۆیلەی داگیرکەران.
"دەوڵەتی تورکیا بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەیەوێت بگەڕێتەوە سەدەی نۆزدەهەم"
سروشت هەڵەبجەیی، ڕاوێژکاری یاسایی و ڕەخنەگری سیاسی، دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئاماژەی بەوەدا، داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا داگیرکارییەکی ڕیشەییە و ناکرێت گەلی کورد لە ئاستی بێدەنگ بێت،"دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر گەل و خاکی کوردستان بسەپێنێت و بگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم، بۆیە چالاکوانان و ڕۆشنبیران و چینی پارێزەران پێویستە بڕژێنە سەر شەقام، حکومەت ناچار بکەین داوایەک بەرز بکاتەوە بۆ حکومەتی عێراق، چونکە بە پێی دەستور ئاسمانی خاکی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دایە و دەبێت هەڵوێستی هەبێت".
ئەو ڕەخنەگرە سیاسییە باسی لەوەکرد لە نەبوونی هەر هەڵوێستێکی لایەنی پەیوەندیدار چالاکوانان خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن بۆ وەستاندنەوە بە ڕووی داگیرکاران بە تایبەت ژنان چونکە ژنان لە هەموو لایەنێکەوە زەرەرمەندی یەکەمن، داوا لە ژنانی گشت چین و توێژە جیاوازەکان دەکات بڕژێنە سەر شەقام و بە یەک دەنگ و هەڵوێست داوای ئازادی بکەن.
"لە شاری ئازادیخوازان ڕێگریمان لێدەکرێت و پشتیوانی داگیرکاران دەکرێت"
بەهرە زاهیر، هاوڵاتییەکە و بەشداری ڕێپێوانەکە بوو، وتی:"ڕێگریکردنی هێزەکانی ئاسایش و چالاکوانە مەدەنییەکان سەلماندیان وەک ناوچەی بادینان و هەولێر جاشی تورکیان، چونکە ئەوەی چالاکوانان دەیکەن تەنها داواکردنی ئازادییە و لە هەموو جیهاندا ڕێگەپێدراوە بە تایبەت لە ڕۆژێکی وەک ١١ی حوزەیران کە ڕۆژی بەرەنگاری دژی داگیرکارییە".
هەروەها وتیشی: "لە ناوچەی زاخۆ و بادینان بەردەوام دار دەبڕدرێتەوە و دەڵەتی تورکیا بە دەیان کیلۆمەتر هاتووەتە خاکی باشووری کوردستان، بەڵام لە سلێمانی و شاری ئازادیخوازان ڕێگریمان لێدەکرێت و ناهێڵن ئازادانە بێینە دەنگ لەسەر خاک و نەتەوەمان".
پێی وایە ڕێبەریکردنی ئازادیخوازان کاری ژنانە چونکە ژنە جەرگی دەسوتێت و خاکەکەی داگیردەکرێت، "پێویستە هەموو ژنێک ببنە پێشەنگ و نەترسن لە وەستاندنەوە بە ڕووی داگیرکاران و ئەو کەسانەدا کە ڕێگری لە ئازادیخوازان دەکەن".