چالاکوانانی ئینتەرناشیۆناڵ: سەرەڕای ڕێگری دژی فاشیزم و میلیتاریزم و پیاوسالاری بەردەوامین لە تێکۆشان

دوای ڕێگریکردن لە چالاکوانانی ئینتەرناشیۆناڵ بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن پەدەکەوە، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و وتیان: ئەو ڕێگرییە گەمارۆی دەوڵەتی تورکیا و پەدەکەیە، شتێکی قێزەونە دەوڵەتانی ناتۆ بەرامبەر تاوانە جەنگییەکانی تورکیادا بێدەنگن.

 ناوەندی هەواڵ

 

گروپێک لە چالاکوانانی ئینتەرناشیۆناڵ، کە لە وڵاتانی ئەوروپاوە هاتبوونە باشووری کوردستان بەو مەبەستەی لە دەروازی فیشخاپورەوە بچنە ڕۆژئاوای کوردستان، لەسەر سنور لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە ڕێگرییان لێکرا، گروپەکەش بە ڤیدیۆ بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.

 

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئەو گروپە ئاماژە بەوەدەکەن، وەک گروپێک چالاکوانی نێودەوڵەتی، کە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان پێکهاتووین، بۆ پێشکەشکردنی هاوسۆزییەکی کردەیی بۆ گەلی شۆڕشگێر لە ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە بە (ڕۆژاڤا) ناسراوە لێرەن، دەشڵێن: سەرەتا ئێمە گەشتینە باشووری کوردستان، دواتر چووین بۆ دەروازەی فیشخابور بۆ سنوورنی نێوان باشور و ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ ئەوەی بچین بۆ رۆژئاوای کوردستان بەڵام لە ئێستادا ئەو دەروازەیە، لە لایەن پەدەکەوە، کۆنترۆڵ کراوە کە دەسەڵاتداری باشووری کوردستانە و ڕیگریمان لێکرا، بە داخەوە پەدەکە بە هاوبەشی لەگەڵ تورکیا گەمارۆیان خستووەتە سەر ئیدارەی خۆسەری، به‌هۆی ئەو گەمارۆدانەی پەدەکەوە ئێمە نەمانتوانی بچین بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

 

"ناتۆ بێدەنگە لە تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا"

گروپەکە لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە گەمارۆکان دەکەن و داوادەکەن، "ئێمە ئیدانەی گەمارۆی هاوبەشی تورکیا و پەدەکە دەکەین کە دانیشتوانی مەدەنی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەکاتە ئامانج. هەروەها شەڕی نایاسایی تورکیا لە دژی بزووتنەوەی ئازادی لە کوردستان شەرمەزار دەکەین. شتێکی قێزەونە کە دەوڵەتانی دیکەی ناتۆ لە بەرامبەر تاوانە جەنگییەکانی تورکیادا بێدەنگ و هاوبەشن، وەک بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، گەیاندن و فرۆشتنی چەک بە تورکیا و بە قەدەغەکردنی پەکەکە وەک پشتیوانێک بۆ دەوڵەتی فاشیستی تورک بێ بیانووە، دەبێت ئەمە کۆتایی پێبێت".

 

"درێژە بە خەباتی بێئەندازەمان دەدەین"

هەروەها ئاماژە بە درێژەدان بە چالاکیەکەیان دەکەن و دەڵێن: سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە ڕێگریمان لێکرا، نەمانتوانی سنور تێپەرێنین، بەڵام ئەمە تەنیا بەشێکە لە خەباتی بێئەندازەمان لە دژی فاشیزم و میلیتاریزم و پیاوسالاری. هەرگیز هەوڵەکانمان بۆ بنیادنانی ژیانێکی ئازاد کۆتای نایەت.

 

داوای کردنەوەی سنوور و کۆتاییهێنان بە گەمارۆکان دەکەن، وتیشیان پێویستە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا کۆتایی بە قەدەغەکردنی پەکەکە بهێنن، واز لە پشتیوانیکردنی تورکیای فاشیست بهێنن و ڕێگری نەکەن لە چالاکوانانی شۆڕشگێڕ لە سەرانسەری جیهان بۆ چوون بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.