چالاکوانێک بۆ ناگیهان ئاکارسەل: تێکۆشانی شەهید ناگیهان بۆ ژنان بوو
ژنانی بەشداربووی پرسەی شەهیدی تێکۆشەر، ناگیهان ئاکارسەل لەبارەی تێکۆشان و ناسینییەوە دەدوێن و ئاماژەیان بەوەدا، تێکۆشانی شەهید ناگیهان بۆ ژنان بوو بێ جیاوازی ئایدیا و حزب.
سلێمانی
ئەمڕۆ پرسەی شەهیدی تێکۆشەر، ناگیهان ئاکارسەل، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، کە لە ٤ی مانگ لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی لەلایەن میتی تورک و لە ڕێگەی سیخوڕییەوە تیرۆرکرا، لە شوێنی تیرۆرکردنی بەڕێوەدەچێت.
ژنانی چالاکوان و ڕێکخراوەکان بەشداری مەراسیمەکە بوون و بۆ ئاژانسی نوژنها لەبارەی تێکۆشانی شەهید ناگیهان و یەکتر ناسینیان دوان.
ڕوپاک ئیسماعیل، ئەندامی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان-حزبی شیوعی کوردستان، ئەمڕۆ بەشداری لە پرسەی شەهید ناگیهان ئاکارسەلدا کرد و لەبارەی شەهید ناگیهانەوە وتی: شەهید ناگیهان تێکۆشانی لەپێناو ژناندا بوو، گەنجانی لە خۆیان کۆدەکردەوە و هەوڵی پێگەیاندنی دەدان، بەڵام بەداخەوە دەستی تیرۆر نەیهێشت بە ئامانجەکانی بگات، بۆ ئەوەش بەداخەوەین، ئێستاش دەبێت دەست بخەینە دەستی یەکتر تا تاوانباران بە سزای خۆیان بگەیەنن.
ڕوپاک لەبارەی تێکۆشانی هاوبەشی ژنان و بە سەرکەوتن گەیاندنی ئامانجەکانی شەهید ناگیهان وتی: هەڤاڵ ناگیهان تێکۆشانی لەپێناو ژناندا بوو، ڕۆڵی گرنگی لەسەر ژنان هەبوو، ژنانی لەسەر تێکۆشان ڕادەهێنا کە چۆن ڕۆشنبیر بن، بەڵام بەداخەوە دەستی تیرۆر پێی گەشت و تیرۆری کرد.