"کۆمەڵکوژی ژنان تا ئێستا لە جیهان بەردەوامە و پێویستە ڕێگری بکرێت"
پانێڵی چوارەم و پێنجەمی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق سەبارەت بە قڕکردنی ژنان بەردەوامی هەیە و ئاماژە بەوەکرا کۆمەڵکوژی ژنان لە ئەفغانستان و ئۆکراینا و چەندین شوێنی دیکە بەردەوامە و دەبێت ژنان یەکگرووبن بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت.
بەغدا
کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق سەبارەت بە قڕکردنی ژنان: ژنانی ئێزدی وەک نموونە، بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنە ئازادەکان بەرەنگاری جینۆسایدی شەنگال دەبینەوە" بەردەوامە و لە پانێڵی چوارەمدا سەبارەت بە "بەرپرسیارێتی حکومەتی عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چین؟" گفتوگۆ دەکرێت.
لە پانێڵەکەدا ماريۆن بوكر، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی ئەڵمانیا (DFR)، جێگری سەرۆکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ژنان (IAW) و پسپۆڕی مافی مرۆڤ بابەتێكی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتی و عێراقدا کار بکرێت تا کۆمەڵكوژی شەنگال بناسرێت و ئەو یاسایەی لە عێراقدا هەیە جێبەجێ بکرێت، کۆمەڵکوژی و کوشتن و کۆیلەکردنی ژنان لە ڕوو ڕەشی بوو بۆ جیهان و دەسەڵاتداران، هەتا ئەمڕۆش لە ئەفغانستان و ئۆکراینا هێرش و کۆمەڵکوژی و پێشێلکردنی مافی ژنان بەردەوامە، ئەمە لە سوریا و عێراق و ئەفغاستان و جیهانیشدا بوونی هەیە و ژنان دەبنە ئامانجی سیاسەتی جیهان بۆ ئەوە پێویستە ژنان یەکڕیز و یەکگرتوو بن، پێویستە ئێمە لە ڕێکخراوەکان و دەزگاکانی مافی مرۆڤدا کار بکەین تا ئایندەی ئێزدییەکان مسۆگەر بکەین لە شەنگال و خۆپاراستن پێشبخەین و کۆتایی بە کۆمەڵکوژی ژنان بهێنرێت لە شەنگال و هەموو جیهان، داواکاریشین لە ئاستی ڕاگەیاندندا هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە.
ڕێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق لە پانێڵی چوارەمدا بابەتێكی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، بوونی ژنانی عێراق و کورد لەناو پارتە سیاسییەکان و بوارەکانی ژیاندا ئاستەنگ دەکرێت، ئەگەر ژنێکی ئێزدی بێت قورسترە، بۆیە چالاکبوونی ژنان و زیاتر کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان دەبێتە پێویستی، هەروەها نەبوونی دادگایەک کە سکاڵای تێدا بکرێت و ئەندام نەبوونی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتی و هەر دادگایەکی دیکە کە تاوانەکانی کۆمەڵكوژی و جینۆسایدی تێدا دادگایی بکرێت بووەتە کێشە، هەروەها یاسا گرنگی هەیە، یاسای جینۆساید کە تاوان و کۆمەڵکوژییەکان بە جینۆساید هەژمار بکات نییە و ئەمەش وایکردووە ئێستا قەرەبوو بۆ تاوانەکانی سەدام حسێن نەکرێت و بکەرانی بە سزا نەگەیەنرێت، بۆ شەنگالیش بە هەمان شێوەیە.
لەیلا قاسم، ئەندامی نوسینگەی هەماهەنگی تاژێ بابەتێكی پێشکەشکرد و خستەڕوو کە باسی لە دۆخی ئێستای شەنگال کرد لە نێو ململانێ و کێشە و پیلانگێڕییەکاندا، کە چۆن ژنان ڕووبەڕووی پلانگێڕییەکان دەبنەوە و بوونەتە قەڵای بەرخۆدان و قەڵغانی پاراستنی شەنگال لە هێرشەکان، هەروەها وتی: پێوستە سەرجەم وێنەکان و ڕووداوەکان بنوسرێتەوە، بکرێنە ڕۆمانێک و بۆ مێژوو بمێنێتەوە، دەبێت ئێمە هەموومان هەڵوێستمان هەبێت و بێدەنگ نەبین تا کۆمەڵکوژییەکەی دیکە بەسەر گەلی کورد و گەلانی دیکەدا نەیەت.
پانێڵی پێنجەم لەلایەن نەجیبە قەرەداغی پێشکەشکرا
پانێڵی پێنجەمی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق، لەلایەن نەجیبە قەرەداغی، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لەبارەی "پێشنیازی پرۆژەی عێراقی دیموکراتیک و ئازادی ژنان وەک دژەژاری جینۆساید و قڕکردنی ژنان" بەڕێوەچوو.
نەجیبە قەرەداغی باسی لەوەکرد، "کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان نمونەیەکی ئەزموون بەخشە کە لە سیستم و ناوەندەکانی حکومڕانی تێبگەین چۆن کۆمەڵگە بەڕێوەدەبەن، چۆن سەیری جیاوازی نەتەوەیی، ئاینی، کلتور و ناسنامەکانی دیکە دەکەنەوە، باشترین نمونەیە کە تێبگەین کۆمەڵگەی ئێزدی و ژن بە تایبەتی، خاکەکە و ژینگەکەی و ئاینەکەی چۆن ڕووبەڕووی سێ جۆری قڕکردن بوونەتەوە و دەبنەوە، ئەوانیش قڕکردنیان وەک کۆمەڵگە لە خانەی جینۆساید، بەئامانجگرتنی ژنانی ئێزدی و قڕکردنیان کە دەکەوێتە خانەی فێمیساید، و قڕکردنی ژینگەیی لە ئەنجامی ئەو هێرش و پەلامارانەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبنەوە لە خانەی ئیکۆساید.
هەروەها ئاماژەی بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئازاد کرد وەک چارەسەری و وتی: فەلسەفە و چەمکی نەتەوەی دیموکراتیک پشتڕاستە بە بەهای کۆمەڵایەتی دیموکراتیک و هەرەوەزی و هەموو پێکهاتەکانی ناوی بە جیاوازییەکانەوە تیایدا پارێزراون، بەم فەلسەفە و چەمکە، دەرفەتی نوێی چارەسەری دیموکراتیک دێتە ئاراوە کە بە بەرخۆدان، تێکۆشان و بونیادنانی سیستمێکی نوێ لەسەر بنەمای دیموکراسی ڕاستەوخۆ، ئازادی ژن و ئیکۆلۆژی هاوسەنگی نێوان ژن و پیاو، هاوئاهەنگی لەنێوان پێکهاتەکان و مرۆڤ و سروشتدا، ژن و پیاو لەم سیستمەدا بە هاوبەشی لە هەموو ئاست و بوارەکاندا پێکەوە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری بەڕێوەدەبەن، وەک ئەو مۆدێلی خۆبەڕێوەبەرییەی لە شەنگالدا هەیە.
کۆنفرانسەکە بەردەوامی هەیە...