گیانلەدەستدان گەیشتە ١٩ هەزار کەس، هەندێک ناوچە بۆ ساڵانێک ناتوانرێت تیایدا نیشتەجێ بێت

لە تورکیا و باکووری کوردستان ١٦ هەزار و ٥٤٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٢ هەزار و ٩١٤ کەسی دیکەش برینداربوون، وەزارەتی تەندروستی سوریا ڕایگەیاندووە زیاتر لە ٣ هەزار و ١٦٢  کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

گەڕان بە دوای ئەو کەسانەی لەژێر دارووپەردووی باڵەخانەکاندا جێماون لەلایەن هاوڵاتیان و تیمەکانی ڕزگاری ماوەی چەند ڕۆژێکە بەردەوامە، گرفتی نەبوونی ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوون بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، لە کاتێکدا ڕزگارکەران کاری زۆریان دەکرد بۆ دۆزینەوەی نیشانەکانی ژیان لەنێو داروپەردووی بوومەلەرزەکە لە تورکیا و باکووری کوردستان، سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان.

 

دەزگای بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی تورکیا ڕایگەیاند، ١٦ هەزار و ٥٤٦ کەس کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٦٢ هەزار و ٩١٤ کەسی دیکەش برینداربوون، وەزارەتی تەندروستی سوریا ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت زیاتر لە ٣ هەزار و ١٦٢  کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

پێشبینی دەکرێت کۆی گشتی ژمارەی گیان لەدەستدانەکان زیاتر لە ١٥ هەزار کەس بێت، کە گەورەترین حاڵەتە لە سەرانسەری جیهاندا بۆ ڕووداوێکی بوومەلەرزە لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا، شارەزایان دەڵێن ئەگەری لە ژیاندا مانەوە لە ڕووداوێکی بەم شێوەیەدا لە دوای ٧٢ کاتژمێر لە خوار ٢٥٪ ەوەیە و بەهۆی پلەکانی سەرماشەوە ئەم ڕێژەیە کەمتر دەکاتەوە.