ژنانی فەلەستینی لە پێناو منداڵەکانیان لە بەرخۆداندان
سەرەڕای گەمارۆدان و مردن و وێرانکارییەکانی کەرتی غەززە، ژنانی فەلەستینی لە خەباتی ڕۆژانەیان بۆ پاراستنی بنەماڵەکانیان و دەستەبەرکردنی کەمترین پێداویستییەکانی ژیانیان بەردەوامن.
نەغەم کەراجە
غەززە- ژنێکی فەڵەستینی بە بوێری ڕووبەڕووی ئازارەکانی ئاوارەبوون دەبێتەوە بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ منداڵەکانی، لە بەرامبەر هەڵگرتنی بارگرانی ژیان و مەرگ و ماڵوێرانی وەستاوەتەوە، لە کاتێکدا کارەساتەکانی شەڕ دەگۆڕێت بۆ شەڕی ڕۆژانە و گەمارۆ و قەیران، بەم شێوەیە واتای بەرخۆدانی ڕاستەقینە بەرجەستە دەکات.
ئەحلام ڕەفاعی، ئەو دایکەی کە لە گەڕەکی “زەیتون”ەوە ئاوارە بوو بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی غەززە، ساتێکی دیکەی نزیک لە مردن ئەزموون دەکات، سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەکان ڕەتیکردبووەوە بچێتە باشووری کەرتی غەززە، پێداگری لەسەر مانەوە لە نزیک ناوچەکەی دەکات، چونکە دەیبینی ناوچەی باشوور بەدەست توندی قەرەباڵغی دانیشتووانەوە دەناڵێنێت، جگە لە هەژاری و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
بەڵام هەڵبژاردنی مانەوەی زۆری نەخایاند، چونکە سەربازەکان بە هەڵکوتانەسەر ناچاریان کرد هەڵبێت بۆ ناوەندێکی پەناگە لە ناوەندی شاری غەززە، لەوێ ڕووبەڕووی بارودۆخێکی هاوشێوەی هەمان دۆزەخ بووەوە کە ویستبووی لێی هەڵبێت، وتی: هەموو شتێکم بەجێهێشتووە، ماڵەکەم، یادەوەرییەکانم و هەموو ئەو شتانەی کە دەمبەستنەوە بە شوێنەکەمەوە.
لە هێرشی سەر پەناگەدا بریندار بووە
لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران، ئەحلام ڕەفاعی لە بەیانیدا لە خەو هەڵسا و بیری لەوە دەکردەوە کە نانی بەیانی بۆ منداڵەکانی دابین بکات، یەکێک لەقوتووە شاراوەکانی دەرهێنا و دەستیکرد بە گەرمکردنی، کاتێک لە نهۆمی دووەمەوە هاتە خوارەوە بۆ ناوەندی پەناگە، بە خێرایی هەنگاوی بەسەر پلیکانەکاندا دەنا دەیویست خواردنەکە بە خێرایی ئامادە بێت پێش ئەوەی منداڵەکانی دەست بە گریان بکەن، بەلام هاواری خەڵک هەستا، هێرشێکی ئیسرائیلی لە دەوروبەری ناوەندی ئەو پەناگەیەدا ڕوویدا کە سەدان کەسی تێدا دەمێننەوە، وتی: هەستم دەکرد ڕۆحم لە جەستەم دەردەچێت، کاتێک چاوم کردەوە، تەنها وێرانکاریم بینی، پێم وابوو ئەم دونیایەم بەجێهێشتووە، بەڵام دوای چەند خولەکێک گەیشتمە ئەو شوێنە، چاوەکانم بە خوێن داپۆشرابوون و منداڵەکانم هاواریان دەکرد.
بەهۆی گەمارۆوە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن نەگەیشتووەتە لای بریندارەکان
لەبەرئەوەی گەمارۆی ناوچەکە درابوو، ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن نەیتوانی بگاتە لای بریندارەکان، کەسوکاری ئەحلام ڕەفاعی ناچار بوون ئۆتۆمبێلێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بیبەنە نەخۆشخانە، ئەحلام وتی: گوێم لە دەنگی گریان و گریانی منداڵەکانم بوو، تەنانەت نەمدەتوانی گوێیان لێبگرم، لەو کاتەدا زۆر تەنگەتاو بووم، لە نەخۆشخانە، پزیشکەکان بەزەحمەت دەرمان و کەرەستەی پزیشکییان دۆزیەوە. کاتێک سەیری پزیشکەکەم کرد، ئازاری چاوەکانیم بینی بەهۆی ژمارەی بریندارەکان، لە نەخۆشخانە شوێن بۆ ئەوان نەبوو، داوای لێبوردنی کرد، چونکە چارەسەری پێویست لەبەردەستدا نەبوو، چارەسەری برینەکانی منیان کرد، بە دەرمانی کەمەوە نزیکەی ١٠ ڕۆژ لە نەخۆشخانە مامەوە.
"دەبێت بۆ منداڵەکانم بەهێز بم"
ئەحلام ڕەفاعی بەرپرسیارێتی منداڵەکانی لە ئەستۆ دەگرێت و بارگرانی کۆچی بەردەوامیش لەسەر شانیەتی، فرمێسک لە چاوەکانیدایە و وتی: هەندێکجار هەست دەکەم هەموو دونیا بەسەرمدا دەکەوێت بەڵام ناتوانم بڕووخێم، دەبێت بەهێز بم بۆ منداڵەکانم، هەرچەندە برین زۆرە لە دڵمدا، بەڵام پێویست ناکات نیشانیان بدەم.
"دەمەوێت منداڵان لە بارودۆخێکی ئاساییدا بژین"
ئەحلام ڕەفاعی وتیشی: لەبری ئەوەی دەستەکانم درێژ دەکەم بۆ یارمەتیدان، باشترە بە دەستی خۆم نانی خۆم بەدەستبهێنم، هیچ شتێکی ئاسان نییە، تەنانەت بۆ ئاوی خواردنەوەش دەبێت ڕیز بگرین، منداڵەکانم ڕۆژانە لێم دەپرسن، کەی ئایا دەگەڕێینەوە ماڵەوە؟ من وەڵامم نییە بۆیان تەنها لە باوەشیان دەگرم و پێیان دەڵێم بەم زووانە، تەنها شتێک کە من دەمەوێت ئەوەیە کە شوێنێکی سەلامەت بۆ من و منداڵەکانم هەبێت، دەمەوێت دوور بم لە دەنگی تەقینەوە و ئازاری کۆچکردن.