چالاکی تایبەت بە منداڵان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە منداڵانی باخچە و خوێندنگە بنەڕەتییەکان، بە بۆنەی ١ـی حوزەیران جەژنی منداڵانەوە، چالاکییەکی هاوبەش ئەنجامدرا و پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ منداڵان کرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە هۆڵی ڕۆشنبیریی لە شاری سلێمانی، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە، بەشی منداڵانی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەریی سلێمانی بە هاوبشی لەگەڵ ڕێکخراوی ڕۆشنایی دڵ و چەند قوتابخانە و سەنتەرێکی دیکە، چەند چالاکییەکی هونەرییان ئەنجامدا، ئامانجیان ئەوەیە لە داهاتوودا نەوەیەکی تەندرووست بخەنەوە.

 

ڕووناک مەحموود، ئەندامێکی ڕێکخراوی شنەبای خاک لە بارەی چالاکییەکەیانەوە ئاماژەی بەوەکرد، ئەم چالاکییە تایبەتە بە ڕۆژی جیهانی منداڵان، چەند خوێندنگەیەک بەشدارن، کە تیایدا کورتە فیلمێک نمایش کرا، بەشێک لە منداڵەکان لێرە ڕاستەوخۆ وێنە دەکێشن.

 

پاشان بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەریی سلێمانی، وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان لە بارەی گرنگی پەروەردەی منداڵەوە کرد، هەروەها لە چالاکییەکەدا پێشانگایەکی تایبەت بە منداڵان کرایەوە، کە زۆربەی تابۆلۆکان گوزارشتیان لە جیهانی منداڵان دەکرد.

 

لە کۆتایدا بە چەند چالاکییەکی گۆرانیی و میوزیکی کۆتایی بە چالاکییەکە هات