ژنانی باکوور لە سەر سنووری ڕۆژئاواوە داوای یەکڕیزییان کرد

ئەو ژنانەی لە پرسووس گردبوونەوە بە ڕێپێوان داواکارییەکانیان دەربڕی و داوای یەکڕیزیی نەتەوەیییان کرد لە دژی سیاسەتەکانی کوشتن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ڕەحا- دژی هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەدان کەس لە پرسوسی ڕەحا کە دەکەوێتە بەرامبەر کۆبانێ، کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکانی سەر گەلی ڕۆژئاوای کوردستان دا و سەرەڕای ئاستەنگەکانی پۆلیس ڕێپێوانیان کرد. ئەو ژنانەی بەشدارییان لەو چالاکییەدا کردبوو، خواستی خۆیان دەربڕی و خوازیاری یەکڕیزی نێوان کورد بوون لە زووترین کاتدا.

 

دوای چەند کاتژمێرێک ڕاگرتنی بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکە لە دەروازەی پرسوس، چوونە شوێنێکی نزیک سنوور و لە ژێر گەمارۆی پۆلیسدا، ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە و بەشداربووان "بازنەی ژیان"یان پێکهێنا.

 

ئەو بازنەیە کە تەنها لە ژنان پێکهاتبوو، چەند خولەکێکی خایاند و ژنەکان ئاواتی خۆیان بۆ ئاشتی دەربڕی و بە دروشم و هەلهەلەوە رێپێوانیان کرد. هەرچەندە پۆلیس هەوڵیدا بەشداربووان بوەستێنێت، بەڵام ڕێپێوانەکە بە وتنەوەی " بەسە با لە بری شەڕ ئاشتی دروست بکەین"، "ئێمە نا، چەتەکان بوەستێنێن" بەردەوام بوو.

 

ژنان ڕایانگەیاند کە گەلی کورد لەگەڵ خەڵکی ڕۆژئاوایە، هەروەها لافیتەیان هەڵگرتبوو کە لەسەری " هەموو شوێنێک ڕۆژئاوایە، لە هەموو شوێنێک بەرخۆدان"، "بەیەکەوە سەرکەوتین، پێکەوە بەرگری دەکەین" و "رۆژئاوا هێڵی سووری ئێمەیە" نووسرابوو.

 

"لە سێبەری ئەم گەلە دەترسن"

بەدریە ئولوتاش وتی: "ئێمە بۆ ژیان و ئارامی هاتووین بۆ ئێرە، بەسە بۆ ئەوەی چیتر شەڕ و مردن نەمێنێت و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "شەڕ لە ڕۆژئاوا دەستیپێکردووەتەوە، داعش سەریهەڵداوەتەوە، ئەم چەتانە بە پاڵپشتی ئەردۆغان ئەم کارە دەکەن. ئێمە دژی ئەم شەڕەین، دەبێت چارەسەری هەبێت. ئەوەی لە توانایاندایە دەیکەن بۆ کوشتنی کورد، ئەمڕۆ ژن و منداڵ دەکوژن، خەڵک لە شوێنی خۆیان ئاوارە دەبن، ئەمە نابێت بەردەوام بێت، ئەم کێشەیە نە بە شەڕ، بەڵکو بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێت. ئەوەندەی ئێمە دەڵێین ئاشتی، ئەوانیش دەڵێن شەڕ. ئێمە دەڵێین ژیان، ئەوان دەڵێن مردن. ڕۆژانە تانک و تۆپ بەسەرماندا تێدەپەڕێت، بەسە، با دەستیان لە سەر گیانی خەڵک و ژن و منداڵەکان لاببەن. لەم گەلە دەترسن، لە سێبەری گەلیش دەترسن. لەبەر ترسیان لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکەن. بە قەیوم و گرتن هێرش دەکەنە سەر خەڵک. ئێمەی کورد هەرگیز نکۆڵی لە بوونی خۆمان ناکەین. ڕۆژئاوا شەرەفی ئێمەیە. ئێمە بۆ گەلەکەمان دەمرین. تا دێتە سەرمان، لە هەموو شوێنێک شەڕ دەکەین، ئێمە منداڵەکانمان و گەلی کورد بە تەنیا جێناهێڵین''.

 

"پێویستە گەلی کورد لە دژی ئەم هێرشانە یەکگرتوو بێت"

ڕەبیعە ئەکینجی هەروەها ڕایگەیاند کە بەرگری و تێکۆشان بۆ دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە دایکان و ژنان لێرە بۆ ڕۆژئاوا کۆبووینەتەوە و هەموو شتێک بۆ ڕۆژئاوا دەکەین. بۆ پێکهێنانی ئاشتی بە پێ بەر بە سنوور دەڕۆین. دوژمنانی ئەم گەلە هێرش دەکەنە سەر هەموو شوێنێک چونکە لە خەڵک دەترسن، ئەگەر نەترسانایە ئەو کارەیان نەدەکرد. بە شەڕ ناگەنە هیچ شوێنێک. با دایکان نەگرین، با ئارامییەکی شکۆمەندانە هەبێت. گەلی کورد زۆر ئازاری چەشت و قورسترین ڕێکارەکانی تێپەڕاند. ئێستا ئەم گەلە پێویستی بە ئارامی و ژیانە، هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ ڕۆژئاوا دەیکەین. چەند مانگێک لەسەر ئەم سنوورە ماینەوە. دڕندەیی لە هەر چوار بەشەکەدا هەیە. ئەگەر یەکگرتوو نەبین یەک بە یەک دەڕۆین. ئێستا گرنگترین شت ئەوەیە کە یەکگرتوو بین و پێکەوە شەڕ بکەین".

 

''دوژمن لێمان دەترسێت''

نەسیبە کوچوک کلچ، یەکێک لە بەشداربوانی ڕێپێوانەکە وتی: ئێمەی ژنان نامانەوێت خوێن بڕێژین. پێویستە یەکبگرین و تێکۆشان بکەین. ئەمڕۆ لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکرێتە سەر خەڵک. ئێمە لەم خاکانەدا لەدایک بووین و گەورە بووین. ئێمە خاکی خۆمانمان دەوێت. با کەس پەنابەر نەبێت لەسەر خاکەکەی. هەزاران کەس ناچار بوون کۆچ بکەن، ئەمە گەورەترین خراپەیە، هەم ئەم کارە دەکەن و هەم مرۆڤ دەکوژن، دوژمن لە ئێمە و لە گۆڕستانەکانمان دەترسێت. ئەو لە قسەکانی ئێمە دەترسێت، بەڵام ئێمە شەڕ دەکەین بۆ ئاشتی".

 

"ئێمە لەگەڵ ڕۆژئاواین"

نەدیمە ئێلڤان یڵدرم هەروەها باسی لەوە کرد کە ڕۆژئاوا هەر لە سەرەتاوە ئامانج بووە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ساڵانێکە ستەم لە دژی خەڵکی ڕۆژئاوا دەکرێت. پێویستە ئێستا کۆتایی پێبێت. شەڕەکە ساڵانێکە بەردەوامە نەک ساڵێک و دوو ساڵ. دەبێ بڵێین بەسە بۆ ئەم دڕندەییە، خەڵکی ڕۆژئاوا تەنیا نین. سڵاو لە تێکۆشانیان، با لە خاکی گەلی کورد دەست بکشێینەوە".

 

"ئەو کەسانەی باوەڕیان بە داعش هەیە، دەدۆڕێن"

لەمان ئۆزکان هەروەها ڕایگەیاند کە درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەکەن و هەرگیز پاشەکشە ناکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "دەچنە ناو خاکی وڵاتێکەوە و گەلەکەی دەچەوسێننەوە، ئەمە شتێکە کە قبوڵ ناکرێت. ئێمە دژی ستەمکاران دەوەستینەوە. ژن و منداڵ دەکوژن، دەبێت ستەمی ستەمکاران کۆتایی پێبێت. گەلی کورد هەمیشە لەژێر فشاردایە، لەگەڵ ڕۆژئاوادا گەلی کورد بووە خاوەن ستاتۆ، چونکە لە زمان و ناسنامە دەترسێت، هێرش دەکاتە سەر ئێرە. نەیانهێشت خەڵک بە ئازادی بژی، ئێمە وەستاوین، ئەگەر لێرە هەوڵدان نەکەین، دیسان هەمان شت دەکەن ئەوانەی باوەڕیان بە داعش نییە، دەدۆڕێن، سەرکوتن هی گەلە، تێکۆشان سەردەکەوێت".