چۆن دەزانیت سیخوڕی بەسەر مۆبایلەكەتەوە دەكرێت؟

ئەپڵیكەیشنەكانی چاودێرى کردن بەسەر مۆبایل ڕۆژ لە دوای رۆژ ڕوو لە هەڵكشان دەكەن، بەکارهێنەرەکانیش ترسى ئەوەیان هەیە مۆبایلیان هاک بکرێـت یان چاودێرى بکرێـت، بەڵام چەند ڕێگایەک دەرخەری ئەوەیە کە سیخوڕی بەسەر مۆبایلەکەتەوە دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

كاریگەرییە سیخوڕییەكان چیتر تەنها لە كۆمپیوتەردا نین، بەڵكو مۆبایلە زیرەكەكانیشی گرتووەتەوە، هاكەر و باندەكانیان لە سەردەمی ئێستادا درك بە گرنگی مۆبایل دەكەن، بۆیە دەستیان كردوە بە چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان لەسەر ئەو ئامێرانە بە مەبەستی پەرەپێدانی بەرنامەی سیخوڕی و هاككردن، كە بە ئاسانی ناتواندرێت دەستنیشان بكرێن بۆ دزینی زانیاری، كە لەوانەیە ناسنامەی كەسیی لەخۆ بگرێت یان داتا هەستیارەكانی بانكیی و چەندین شتی دیكە .

 

چەند خاڵ و نیشانەیەک گومان دروست دەکات کە مۆبایل هاک کرابێت و سیخوڕی لەسەر بکرێت لەوانەش:

۱-ڕەفتاری سەیر و سەمەرە لە تەلەفۆن، یەكێكە لەو نیشانە دیارانەی كە پشتڕاستی دەكاتەوە كە مۆبایلەكە هاك كراوە، ئەو رەفتارانە لەوانەیە لە مۆبایلەكەدا ڕووبدات و لە بوونی بەرنامە نامۆكانەوە كە بەبێ ئاگاداری بەكارهێنەر لە مۆبایلەكەدا داگیراون، هەروەها دیارنەمانی ئەو پڕۆگرامانە بە شێوەیەكی هەڕەمەكی لە فایل و بەرنامەكانی مۆبایلەوە.

 

۲-ڕیكلامەكان لە كاتی جیاوازدا دەردەكەون، ئەم نیشانەیە ئاماژەیەكی ڕاستەوخۆیە بۆ بوونی بەرنامەی زیانبەخشی ریكلام و لەم حاڵەتەدا دەبینیت كە ڕیكلامەكان ڕاستەوخۆ لە مۆبایلەكەتدا دەردەكەون لەو كاتانەدا كە نابێت دەربكەون، بۆ نمونە كاتێك دەردەكەوێت لە ڕێگەی بەرنامەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی دەكەیت یان هەوڵی ناردنی نامەیەك دەدەیت، یان تەنانەت دەچیتە ناو بەشی ڕێكخستنەكان یان سەیری وێنە و نامە كورتەكان دەكەیت، بەڵام دەبێت جیاوازی بكرێت لە نێوان ئەو ڕیكلامانەی كۆمپانیاكانی تەلەفۆن و ڕیكلامە زیانبەخشەكان و كۆمپانیا دایدەنێن و ئەوانە بەكارهێنانیان ئاساییە و مەترسییان نییە.

 

۳-مۆبایلەكە خاو دەبێتەوە و كارایی نامێنێت، ئەم جۆرەیان لە سیخوڕی بریتییە لە پرۆگرامی زیادە كە لەسەر مۆبایل كاردەكات جگە لەو پرۆگرامە بنەڕەتیانەی كە لەسەر مۆبایل كاردەكەن، بۆیە ئەم بەرنامانە بارێكی زیادە دەخەنە سەر مۆبایلەكان و وا دەكات بە شێوەیەكی بەرچاو لە كاتی كاركردندا مۆبایلەكە لاواز بێت، بەهۆی سیخوڕییەوە مۆبایلەكە لە دۆخی ئاسایی خاوتر دەبێتەوە و پرۆسەكانی ئاسایی كاتێكی زۆریان دەوێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو فەرمانانەی كە ئاراستەیان دەكرێت، لە هەندێك حاڵەتدا پلەی گەرمی مۆبایلەكە لەكاتی بەكارهێنانی ئاساییدا بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.

 

٤-دەنگی ژاوەژاو لەكاتی پەیوەندی كردندا، ئەو پەیوەندیانەی كە لە مۆبایلەكان لە ڕێگەی زۆربەی بەرنامە باوەڕپێكراوەكانەوە بەكاردەهێنرێن، هیچ لایەنێكی سێیەم گوێ لە پەیوەندییەكە ناگرێت، بۆیە هەر دەنگە دەنگێك كە لە پەیوەندییەكەدا ڕووبدات دەبێت لە یەكێك لە لایەنەكانەوە بێت، ئەگەر لەناو پەیوەندییەكەدا دەنگی نامۆ و نائاسایی هەبێت، ئەمە بە توندی ئاماژەیە بۆ بوونی سیخوڕیی داندراو لە مۆبایلەكەدا كە بەدواداچوون بۆ پەیوەندییەكە دەكات و گوێی لێدەگرێت.

 

٥- كامێرا و مایكرۆفۆن بە شێوەیەكی هەڕەمەكی كاردەكەن، ئێستا هەموو كۆمپانیاكانی مۆبایل نوێكاری نوێ بۆ مۆبایلەكان زیاد دەكەن و بەهۆی ئەم نوێكاریانەوە گڵۆپی ئاگاداركردنەوە دەردەكەون كاتێك كامێرا یان مایكرۆفۆن لەسەر مۆبایلەكە كاردەكات، ئەگەر ئەم گڵۆپانە بە شێوەیەكی هەڕەمەكی كاربكەن، ئەمە راستەوخۆ بەو مانایە دێت كە لایەنێكی دەرەكی كامێرا یان مایكرۆفۆنی تۆی داگیرساندووە.

 

٦-بەكارهێنانی بەرنامەكانی دیاریكردنی ڤایرۆس، گەشەسەندنی بواری سیخوڕیكردنی مۆبایل وایكردوە كۆمپانیا ئەمنییەكان بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی دژە ڤایرۆس و بەرنامەی زیانبەخش بەكاربهێندرێن، بەكارهێنانی ئەم جۆرە بەرنامانە یارمەتی بەكارهێنەر دەدات كە سیخوڕیكردن لەسەر مۆبایلەكە بزانێت، بەڵام بێگومان دەبێت بەرنامەكانی دژە ڤایرۆس لە سەرچاوەی باوەڕپێكراوەوە دابمەزرێنن وەك ماڵپەڕی كۆمپانیا فەرمییە بەناوبانگەكان.