یادی ٢٥ ساڵەی دامەزراندنی کەنەکە لە شاری سلێمانی کرایەوە

بە بەشداری نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و ئەندامانی کەنەکە، ساڵیادی ٢٥ ساڵەی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە کرایەوە و ڕایانگەیاند، "کەنەکە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە کاری لەسەر یەکێتی و نیشتمانی و لایەنی ئاست و بیر و فکری کردووە".

سلێمانی

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی، "بە دروشمی یەکێتی نەتەوەیی زامنی سەرکەوتنمانە"، بە بەشداری نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و ئەندامانی کەنەکە و چالاکوانان و ئازادیخوازان، ٢٥ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان-کەنەکە کرایەوە و چەندین چالاکی وەک پێشکەشکردنی سینەفزیۆن، خوێندنەوەی شیعر و پێشکەشکردنی میوزیک و گۆرانی پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

 

یادەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان شەهید دەنیز جەودەد، ئەندامی کەنەکە کە لە شاری هەولێر بە دەستی میتی تورک تیرۆر کرا بەبیر هێندرایەوە.

 

زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە، وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوە کرد، یەکێتی نەتەوەی کوردان ئاواتی چەندان ساڵی کوردە، دامەزراندن و بەرەوپێشبردنی کەنەکە خواست و بەدیهێنانی هەموو سەرکردە و کەسایەتیەکانە، دەشڵێت: کەنەکە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە کاری لەسەر یەکێتی و نیشتمانی و لایەنی ئاست و بیر و فکری کردووە، هەوڵەکانی بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای کورد کردووە و هەوڵی گرنگی داوە، هەروەها هەوڵەکانی کەنەکە بە بێ پشودان بەردەوام دەبێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، داگیرکاران دەیانەوێت داگیرکاریەکان بهێننە ناو باشووری کوردستانەوە، وتیشی: داگیرکاران دەیانەوێت ئەو ناوچانەی سەقامگیرن و دەتوانن خۆبەڕێوەبەری بکەن وا نیشانیان دەدات کە ناوچەی مەترسیدارن، هەروەها هێرشەکان بۆ سەر باشووری کوردستان ڕوو لە زیادبوونە، دەوڵەتانی داگیرکەر لە هەوڵدان بە شەڕ و کوشتار گەلی کورد لەناو ببەن، ئاواتەخوازن خواستی ئازادیخوازانەی کورد و تێکۆشانی گەلەکەمان لەناوببەن.

 

دواتر بە پشاندانی بەڵگە فلیمێک کار و خەباتی تێکۆشانی ٢٥ ساڵەی کەنەکە بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، پاشان بە پێشکەشکردنی چەندین میوزیک و گۆرانی لەلایەن گروپی میوزیکی رۆژیار، یادەکە کۆتایی هات.

 

نیشتیمان کەمال ئیبراهیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و ئەندامی کەنەکە، لە یادی ٢٥ ساڵەی کەنەکەدا بۆ نوژنها وتی: پیرۆزبایی لە تەواوی ئەندامانی کەنەکە دەکەم، هەروەها تاکە ناوەندی سیاسیە کار بکات لەسەر گفتوگۆی نەتەوەی و کارکردن لەسەر پرسەکانی کورد بە تێروتەسەلی ئەنجام دەدات، بە ئومێدین لایەنەکانی دیکە پشتگیری خۆیان بۆ کەنەکە دەرببڕن.

 

لە کۆتایشدا وتی: دەستکەوتەکانمان زۆرن، بەڵام کارەکانمان لەژێر هەڕەشەدایە، ئێمە کە دەوڵەتمان نیە بەردەوام لەژێر هەڕەشەداین و مەترسیەکان زیاترە بۆ ئێمەی کورد، داواکارم لە کوردانی دڵسۆز کە بەربگرین وەک قەڵغانێک لە دژی ئەو داگیرکاریانەی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.