فیلمی بەرفین... خەباتی دایک و کچێک

فیلمی "بەرفین" کە چیرۆکی خێزانێکی کوردە و خەباتی ئەوان دەگێڕێتەوە دژ بەو ژیانەی دەوڵەتی تورکیا لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەسەر کوردەکاندا سەپاندبووی، لە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نمایشکرا.

قامیشلۆ

 

"بەرفین" فیلمێکی کوردییە لە دەرهێنانی ئۆزلەم ئەرزێبە. فیلمەکە ئێش و ئازارەکانی ساڵانی ١٩٩٠ و فشاری دەوڵەتی تورک دەگێڕێتەوە، ڕووداوەکانی فیلمەکە دەربارەی کچێکی کوردە کە باوکی دەکوژرێت، دایکی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیر دەکرێت، دوای ئەوەی دایکی لە زیندان ئازاد دەکرێت دەچێتە ڕیزەکانی گەریلا، دوای ئەوەی بەرفین گەورە دەبێت، ئێستا شوێن هەنگاوەکانی دایکی دەکەوێت و دەبێتە گەریلا.

 

فیلمەکە لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و مەخمور وێنە گیراوە و لە ئەوروپا نمایشکراوە و لە هەمان کاتدا بەشداری لە چەندین فیستیڤاڵدا کردووە،  بۆ یەکەم جار لە ٢٠ی ئایار لە ناوەندی کولتووری و هونەری محەمەد شەیخو لە قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ئامادەبوونی دەیان دانیشتوانی شارەکە نمایشکرا.

 

شایانی باسە فیلمەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەسەر یەک لە هەمان ناوەند نمایش دەکرێت و ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە شارەکانی دیکە نمایش بکرێت.