پهكخستی فێستیڤاڵی گوێز نیگهرانی لای هاوڵاتیانی شارۆچكهی خورماڵ دروستكردووه
ئەگەرچی بڕیار بوو فێستیڤاڵی گوێز لە شارۆچکەی خورماڵ، کە فێستیڤاڵێکی کولتووری ناوچەکەیە بەڕێوە بچێت، بەڵام ئیدارەی هەڵەبجە ڕێگری لێدەکات و پاساوەکەیان دواخستنییەتی بۆ دوای فێستیڤاڵی هەنار.

هەڵەبجە
پاشنیوەڕۆی دوێنێ، ١٠ی تشرینی دووەم تۆڕی ڕێکخراوەکانی خورماڵ لە فولكهی کوڵەباڵەکەی شارۆچکەی خورماڵ گردبوونەیەکی ناڕەزایەتییان، بەرامبەر پەکخستنی فێستیڤاڵی گوێز ڕێکخست و ڕایانگەیاند، ئەو پاساوانەی هێنراونەتەوە لاوازن و مایەی قبوڵ کردن نییە.
میهران محەمەد، ئەندامی تۆڕی ڕێكخراوهكانی خورماڵ، باسی لەوەکرد، ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکە دەرفەتێک بوو بۆ زیاتر ئاشنابوونی گەشتیار بە شارۆچکەکە و مایەی خۆشحاڵی خەڵکی خورماڵ بوو، بەڵام بە پاساوی نزیكبوونهوهی فێستیڤاڵی ههنار، فێستیڤاڵی گوێز لە خورماڵ پهكخرا.
میهران ئاماژهی بەوەشکرد، ماوەی سێ مانگە ئامادەکاری دەکرێت و کارەکان تەواو ببوون، تەنها ڕاگەیاندنی ڕۆژی فێستیڤاڵەکە مابوو، بەڵام لەلایەن ئیدارەی هەڵەبجەوە فێستیڤاڵەکە پەکخرا، ئێمە وەک تۆڕی ڕێكخراوهكان بهردهوام لە هەوڵدا دەبین و نیگهرانین له پاساوهكانی ئیدارهی ههڵهبجه.
سروشت سازانی، وهك سهرپهرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گوێز لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، فێستیڤاڵەکە لە ناوچەی خورماڵ ئەنجام دەدرا کە فێستیڤاڵێکی کولتووری بوو تا زیاتر کولتووری ناوچەکە بناسێنرێت و لە هەورامانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە بەشداریان تیادا کردووە، دەبووە هەلی کار بۆ گەنجانی ناوچەکە و زیادکردنی گەشتیار بۆ ناوچەکە، بەڵام بهرپرسانی هەڵهبجه به بیانووی لاواز كارهكهیان پهكخستوە.
ئەندامێکی تۆڕی ڕێکخراوەکانی خورماڵیش ڕایگەیاند، لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن تا بتوانن فێستیڤاڵی گوێز بە باشترین شێوە ساز بکەن.
بڕیار بوو ١٤ی تشرینی دووەم فێستیڤاڵی گوێز لە شارۆچکەی خورماڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام ڕێگری لە ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکە کرا و ناڕهزایهتی و نیگهرانی لای خهڵكی ناوچهكه دروست بوو.