"لەگەڵ شۆڕشدا ژنان دەربارەی خۆیان و مافەکانیان هۆشیار بوونەوە

مەلیکە حسێن، ئەندامی ماڵی ژنان لە ناوچەی تل کۆچەر دەڵێت: لەگەڵ شۆڕشدا ژنان هۆشیارییان دەربارەی خۆیان و مافەکانیان زیادی کرد.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

دێرک- شۆڕشی ١٩ی تەمووز لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە ناوی شۆڕشی ژنانی لێنرا، پەنجەرەیەکی ئازادی بوو بۆ ژنانی عەرەب و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکە، مەلیکە حسێن، ئەندامی ماڵی ژنانی ناوچەی تل کۆچەری سەر بە شاری دێرک لە هەرێمی جزیرە، باسی لەو گۆڕانکارییانە کرد کە وەک ژنێکی عەرەب ئەزموونیان کردووە.

 

مەلیکە حسێن، خەڵکی جزیرەیە و کاتێک چەتەکانی داعش لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠١٤ هێرشیان کردە سەر گوندەکە، ڕووی لە گوندی تل کۆچەر کردووە،  لەگەڵ دایکی و کوڕە ٦ ساڵانەکەی کە ئێستا تەمەنی ١٢ ساڵە لە گوندەکەدا دەژین، هاوژینەکەی بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد، کوڕێکیشی لە تەمەنی ٦ مانگیدا کۆچی دوایی کرد.

 

چیرۆکی مەلیکە حسێن لە سەردانیکردنی ماڵی ژنانەوە دەستی پێکرد، وەها چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە؛

"بەهۆی خراپی دۆخی دارایی دایکمەوە، ڕووم لە خێزانی هاوژینەکەم کرد و ویستم لەگەڵ ئاگاداری کوڕەکەم بن و هاوکاری بکەن، بەڵام ئەوان گوێیان لێ نەگرتم و ئەو مافەیان پێ نەداین کە ویستمان، وازم لە هیواکانم هێنا و ئەمجارە ڕێگای دروست و گونجاوم هەڵبژارد، چوومە ماڵی ژنان، لەوێوە زانیم کە چەندە مافم هەیە و چەندە بێبەشم لێیان، تێگەیشتم کە ڕووبەڕووی چ جۆرە دڕندەیییەک بوومەتەوە."

 

"بە مافی خۆم ئاشنا بووم"

مەلیکە حسێن باسی لەوە کرد کە پێشتر ژنێکی زۆر لاواز بووە و هۆکاری بەهێزبوونی وەها باس دەکات، "لە ڕاستیدا من ژنێکی زۆر لاواز و شکاو بووم، کەسم لە دەوروبەرم نەدەبینی و کەس پشتیوانی لێنەدەکردم، کاتێک لە ماڵی ژنان یاساکانیان بۆ خوێندمەوە و تێگەیشتم کە یاساکان مافەکانی من و کوڕەکەم دەپارێزن، من زیاتر خۆڕاگر بووم لە کردنەوەی دۆسیەی میرات، ئەو ترسەم لە دڵم لابرد و سکاڵاکەم تۆمار کرد، دوای چەند دانیشتنێک، مافی من و میراتی کوڕەکەممان بەدەستهێنا، بەبێ ترس ئێستا پشتگیری لە ژنان دەکەم لە هەموو کەیسەکانیاندا و تا کۆتایی بەم شێوەیە بەردەوام دەبم.

 

"ماڵی ژن بوو بە سەرچاوەی هێز بۆ من"

مەلیکە حسێن بەم شێوەیە باسی خەونەکانی دەکات و دەڵێت: "یەکەم خەونم کە شەو و ڕۆژ دوعای بۆ دەکەم، ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە، ئەوی دیکەیان ئەوەیە کە لە ماڵی ژنان بمێنمەوە و ماڵێک بۆ خۆم و کوڕەکەم بنیاد بنێم، چونکە ماڵی ژن بۆ من سەرچاوەی هێز و ئیمان و ئیرادەیە، من لێرە خۆمم ناسی، چی لەوە بەنرخترە؟ جگە لە ڕێبەر ئاپۆ، کەسێکی لەو جۆرە بە وردی باسی ژن و مافەکانی نەدەکرد و نەدەبووە پایە و هێز، ئەگەر چالاکییەکانی ماڵی ژنان کاریگەر نەبووایە و مافەکانی خۆمم دەست نەکەوتبا، من ئەندام نەدەبووم، تا لێرە و لە ماڵی ژنان بم، مافی هەموو ژنان و ئەوەی ژیاوم دەپارێزم، ناهێڵم ژنێکی تر بەدەست ئازار و مەینەتیەکانیەوە بناڵێنێت، بۆ ئەوە دەبێت هەموو ژنان سەردانی ماڵی ژن بکەن و مافەکانی خۆیان بپارێزن.

 

"ئێمە قەرزاری ڕێبەر ئاپۆین"

مەلیکە حسێن لە کۆتاییدا وتی: هیوای من ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بێت، سەیری گەلی ڕزگارکراو و ژنانی ڕزگارکراو بکەن و بزانن چەند پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە، گرنگ نییە چی دەکەین، بەڵام هەمیشە قەرزاری ڕێبەر ئاپۆ دەبین بۆ ئەوەی پێشکەشی ژنانی کردووە.