خانەنشینانی کرماشان پێشێلکردنی مافەکانیان ئیدانە دەکەن
بەشێک لە خانەنشینانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بارودۆخی ژیان و پێشێلکردنی مافەکانیان، لە بەردەم بینای ئیدارەی گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە شاری کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گردبوونەوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/08/20230827-20230827-untitled-1-png0c2aca-image-jpg6e3db3-image.jpg)
ژوان کەرەمی
کرماشان- ئەمڕۆ، بەشێک لە خانەنشینانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لە بەردەم بینای ئیدارەی گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە شاری کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گردبوونەوە و بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانیان بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیان و پێدانی مووچەی خانەنشینانیان، ناڕەزایەتییان دەربڕی.
زیاتر لە 150 ژن و پیاوی کارمەندی خانەنشینی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کرد، کە لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و ئەفسەران بە جلوبەرگی ئاساییەوە دەورە درابوون، ئەمەش لەکاتێکدابوو، بە نزیکبوونەوەی ساڵیادی شۆڕشی ژینا، ١٦ی ئەیلول، هێزی ئەمنی بێشوومار لە ناوچە کوردنشینەکان بڵاوکراونەتەوە.
لە گردبوونەوەکەدا یەکێک لە خانەنشینکراوەکان وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: لە ماددەی نوێی مافی هاووڵاتیبووندا هاتووە، هاووڵاتیان مافی خۆیانە بە شێوەیەکی دروست کاروباری وڵات بەڕێوەببەن لەسەر بنەمای سەروەری یاسا، کارایی، لێپرسینەوە، شەفافیەت، دادپەروەری، و یەکسانی، ئایا ئێمە ئەو جۆرە مافانەمان بەدەست هێناوە؟ هەمان ئەو مافانەن کە پەسەندیان کردووە و بە شەرعییان زانیوە بۆ هاووڵاتیان؟، ئەگەر خانەنشینێک یان هەر هاوڵاتییەکی تر بیەوێت هاوار بکات بۆ مافەکانی، ئایا دەبێ ببرێت؟ ئایا پێویستە تۆمەتی بۆ بخەنە پاڵ؟ ئەمە چ جۆرە دادپەروەرییەکە؟"