نەورۆزی ٢٧٢٣ی کوردی بە جۆشەوە لە قەندیل بەڕێوەدەچێت

‎ئاهەنگی جەژنی نەورۆز بە ئومێد و بەرخۆدانەوە لە قەندیل دەستیپێکرد و ژنان بە ڕەنگی ئاڵا و بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و بە جۆشەوە بەشداری ئاهەنگەکەیان کرد و پەیامی بەرزکردنەوەی تێکۆشان درا.

قەندیل

ئەمڕۆ ۲۱ی ئاداری ۲٠۲۳ لەناو چیا سەرکەشەکانی قەندیل ئاهەنگی جەژنی نەورۆزی ٢٧٢٣ی کوردی بە دروشمی "بە بەرزکردنەوەی تێکۆشان، پەیمانی سەدە تێکدەشکێنین، کوردستان دەپارێزین، بەڕێوەچوو.

 

ئاهەنگەکە بە بەشداری هەزاران کەس لە چوارپارچەی کوردستانەوە بە جلوبەرگی کوردی و جۆش و خرۆشەوە، سەرەڕای بارینی بارانی بەخوڕ بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و کردنەوەی ئاگر لەلایەن بنەماڵەی شەهیدانەوە دەستیپێکرد.

 

نەورۆزی ئەمساڵ بە ئەنجامدانی چەندین چالاکی و بە بەشداربوونی چەند هونەرمەندێکی چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

 

سەرەتا سەلام عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان پەیامی پیرۆزبایی تەڤگەری ئازادی خوێندەوە و ڕایگەیاند، کە پیرۆزکردنی نەورۆز لە قەندیل واتای بەرخۆدان و ئیرادەیە دژ بەهەر پلانگێڕییەکی دەوڵەتانی داگیرکەر و بەڵێن دەدەین تا سەرکەوتن لە تێکۆشان بەردەوام بن.

 

دواتر پەیامی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە لەلایەن جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە بە شێوەی ڤیدیۆیی بۆ بەشداربووان پێشکەشکرا.

 

لە دڕێژەی چالاکییەکانی ئاهەنگەکەدا گروپی شەهید سەرحەد، گروپی ئاوازی چیا، گروپی میوزیکی مەخمور و هونەرمەندان ژینا سەقزی و لوقمان سەلیم بەرهەمەکانیان پێشکەش دەکەن.

 

هونەرمەند فرمێسک حافز لە ئاهەنگەکەدا بەشدارە و پەیامی پیرۆزبایی نارد و ڕایگەیاند، یەکگرتووی گەلی کورد و بەتایبەت هونەرمەندان گرنتی سەرکەوتنە، دەبێت هونەرمەندان بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی قەندیل ببن، چونکە قەندیل واتای بەرخۆدانە و موڵکی تێکۆشانی گەلی کوردە.

 

ئەمساڵ نەورۆز جیاوازترە بۆ کوردان بەهۆی ئەوەی ساڵی کۆتایی هاتنی سەد ساڵەی پەماننامەی لۆزانە.