خوێندکارانی زانکۆی بەهەشت: ئێمە لەگەڵ شۆڕشی ژینادا زیندوو بووینەوە

کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی بەهەشتی نیشتمانی بەیاننامەیەکیان سەبارەت بە قەدەغەکردنی ناونووسینی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران بۆ وەرزی داهاتوو بڵاوکردەوە و نووسیویانە: سوێندمان بە خوێنی ڕژاو خواردووە، تا دەتوانین پاشەکشە ناکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەردەوامی شۆڕش و سەرکوتەکانی ڕژێمی ئێران لە زانکۆکاندا، ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی بەهەشتی نیشتمانیی بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن زانکۆوە خۆتۆمارکردن بۆ وەرزی نوێی خوێندنیان لێ قەدەغە دەکرێت، لیژنەی دیسپلین، پرۆفیسۆرەکان و بەرپرسانی زانکۆکە بەردەوامن لە ڕێگریکردن لە بەردەم خوێندکاراندا، خوێندکارانیش بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئێمە زۆرمان نییە پێتان بڵێین، چونکە قسەکردن لەگەڵ ئێوەدا کە دەمێکە بەرەی خۆتان دیاریکردووە، بێهودەیە، شۆڕشی ژیناکان دەمێکە لە ژیانی ئێمەدایە، تامی ئازادی بۆ ئێمە ئەوەندە خۆشە کە ئامادە نین تەنانەت هەنگاوێکیش لەم ڕێگایە بگەڕێینەوە دواوە.

 

خوێندکاران پەیامی بەردەوامی خۆیان دەخەنەڕوو، دەڵێن: تا دەتوانن سەرکوت بکەن و دەستت بخەنە سەر قوڕگمان، ئێمەش سوێندمان بەو خوێنە خواردووە کە ڕژاوە، تا دەتوانین وەستاوین و پاشەکشە ناکەین.