گوڵی هێرۆ وەک چارەسەری پزیشکی بەکاردەهێندرێت

گوڵە هێرۆ یەکێکە لە ڕووەکە بەسوودەکان، بۆ چارەسەری چەندین کێشەی تەندروستی دەتواندرێت بەکاربهێندرێت، کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی چەندین جۆری بەرهەم دەهێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

گوڵە هێرۆ جگە لەوەی وەک گوڵێک جوانی دەبەخشێت، دەتواندرێت وەک چارەسەری پزیشکی سودی لێوەربگیرێت، ئەم ڕووەکە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بە شێووەی خۆڕسک هەیە، گوڵە هێرۆ تەنها یەک جۆری نییە بەڵکو چەند جۆرێکە و بە چەند ڕەنگێکی جیاوازی وەک 'سپی، شەرابی و پەمەیی و چەند ڕەنگێکی دیکە هەیە.

 

باڵای گوڵە هێرۆ یەک تا دوو مەتر و زیاتر دەبێت، تەمەنی گوڵەکەی نزیکی ٢٥ ڕۆژە، گوڵە هێرۆ نەک تەنها گوڵەکەی بەڵکو قەد، گەڵا و ڕەگەکەشی سودی لێوەردەگیرێت، جۆرەکانی گوڵە هێرۆ بریتین لە 'هێرۆیی کوردی جۆری قوڵ، قەلەموونی، هێرۆزی پزیشکی، گوڵباخی، هێرۆیی دوو ساڵانە، پێویستی بە خاکێکی بەپیت و شێدار و خۆراکێکی تەواو هەیە بۆ گەشەکردن.

 

سودەکانی گوڵە هێرۆ لە ڕووی زانستی پزیشکییەوە

 

ئەوکەسانەی بەردی گورچیلەیان هەیە دەتوانن لەماوەی پێنج بۆ شەش ڕۆژدا بەردەکەیان فڕێبدەن ئەویش لە ڕێگەی کوڵاندنی گوڵە هێرۆ و خواردنەوەی ئاوەکەی وەک چا، هێرۆ بۆ دەرمانی هەڵامەت و کەمکردنەوەی ئازار بەکاردێت، جگە لەمانەش، سروشتی گوڵە هێرۆ ساردو تەڕە، کاریگەری هەیە لەسەر هەمو لەش و ئەندامەکانی وەک، ڕیخۆڵە، سیەکان، گەدە، گورچیلە و میزڵدان.


ڕووەکی هێرۆ چەندین جۆر سابوون و شامپۆ و کرێمی لێبەرهەمدەهێندرێت بۆ مەبەستی جوانکاری و شێدارکردنی پێستی دەمووچاو، هەروەها گوڵەهێرۆ ئەگەر کەمێک بکوڵێندرێت و دواتر بپاڵێورێت پاشان سەری پێبشۆردرێت، ئەوا چارەسەرێکی باشە بۆ خاوکردنەوەی قژو ڕێگرتن لەڕووتانەوەی قژ.

 

پسپۆرانى بوارى تەندروستى سروشتى جەخت لەوە دەکەنەوە باشتر وایە ژنانی دووگیان بەهیچ جۆرێک ئاوى کوڵاوى گوڵ و ڕەگى گوڵە هێرۆ نەخۆنەوە و هەروەها نابێت لەگەڵ حەبی پاراسیتامۆڵیشدا پێکەوە بخورێت چونکە زیانی گەورەیان لێدەکەوێت بەتایبەت بۆ کۆرپەلەکە.


گوڵ و گەڵای گوڵە هێرۆ
 

گوڵی بەڕەنگی وەنەوشە کاریگەری زیاترە لە گوڵی سپی و ڕەش، بۆ نەرم کردنی قوڕگ، بەڵغەم فڕێ دەدات، دژی هەوكردن و هەڵاوسانی قوڕگ و بۆریەکانی هەناسە بەکاردێت، دژی کۆکە، ڕیخۆڵە و گەددەیە و دژی قەبزیە، نەخۆشیەکانی هەناسە و کۆکەی وشک، بۆ قوڕگ ئێشە، جگە لەمانەش گەڵای گوڵە هێرۆ بۆ دومەڵ، هەڵاوسانی مەمک و گەدە بۆ چارەسەری شکان، نەمانی ئازاری پشت بەکاردەهێندرێت.

 

چارەسەرى نەخۆشى شێرپەنجە جیاوازەکان دەکات و بۆ دابەزاندنى کێشی مرۆڤ بەسودە، هەروەها کوڵاندنى رەگەکەى و خواردنەوەى شەکرى خوێن هاوسەنگ دەکات، کردارى میزکردن ئاسان دەکات، چارەسەرى سکچوون دەکات، گەڵای گوڵە هێرۆ بخرێتە سەر شوێنى سووتاوی سارێژى دەکات و ناهێڵێت بڵقی سوتاوی زیاد بکات.