لە فەرەنسا هەر سێ خولەک جارێک دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵێک دەکرێت

بەرپرسی فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی منداڵانی فەرەنسا لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ئەو وڵاتەدا ڕایگەیاند، سەرەڕای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی منداڵان لەم وڵاتەدا، هەر سێ خولەک جارێک منداڵێک دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر.

ناوەندی هەواڵ

 

گابرێل هەزان، سەرۆکی فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی منداڵانی فەرەنسا، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی وڵاتەکەیدا ڕایگەیاند، سەرەڕای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی منداڵان لەم وڵاتە، سێ خولەک جارێک  منداڵێک دەستدرێژی دەکرێتە سەر، واتە ساڵانە ١٦٠ هەزار منداڵ لەم وڵاتە ئەوروپییەدا تووشی توندوتیژی سێکسی دەبن.

 

گابرێل هەزان ڕایگەیاندووە کە ڕێکخراوەکە ڕۆژانە نزیکەی "٧٠٠ ڕاپۆرت سەبارەت بە ناوەڕۆکی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان بە شێوەی ئۆنلاین" وەردەگرێت کە لە نێوان بەکارهێنەرانی تۆڕی ئەلیکترۆنی لە فەرەنسا ئاڵوگۆڕ دەکرێن و تۆڕەکە بە خراپ بەکاردەهێنن،  تەنانەت هەندێکیان فیلمی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵەکانیان دەگرن و بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوی دەکەنەوە.

 

سەرۆکی بەشی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی منداڵان داوای لە گەلی فەرەنسا کرد کە وریا بن لەو بارەیەوە و گوتیشی: "رۆژانە نزیکەی ٤٤٠ منداڵ و گەنج تووشی توندوتیژی سێکسی دەبن، بەڵام لە کۆتاییدا تەنها نزیکەی ٤٠ حاڵەت بۆ هێزە ئەمنییەکان دەگەیەنرێت".