لە ماوەت دوو هەزار دۆنم پووش و پاوان سووتان
بە هۆکارێکى نادیار ئاگرێكى فراوان لە سنوورى ماوەت کەوتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی دوو هەزار دۆنم لە پووش و پاوان و داری سروشتی و ٥٠ ڕەز و باخى هاوڵاتییان سووتان.

ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە ئاگرێكى فراوان لە گوندى بەرگورد لە سنوورى ماوەت کەوتەوە.
بەهۆى ئاگرەکەوە نزیکەی دوو هەزار دۆنم لە پووش و پاوان، داری سروشتی و هەروەها ٥٠ ڕەز و باخى هاوڵاتیان سووتاون، تا ئێستاش هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نازانرێت.
بەڵام دوای هەوڵێکی زۆر بەهاوکارى دانیشتووانى ناوچەکە و تیمەکانى ئاگرکوژێنەوە توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.