کامپی ئاوارەکانی سنووری سلێمانی دادەخرێن
نزیكەی ٢٨ هەزار خێزانی ئاوارە هەن و سەرجەمیان لە كامپەكانی هەرێمی كوردستاندان، بە پێی قسەکانی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە کامپەکانی دهۆک و هەولێر ئاستەنگییان بۆ دروست دەکرێت تا فەرمانبەرەکانیان بچنە کامپەکانەوە.
ناوەندی هەواڵ
ئیڤان فایەق جابرۆ، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە بارەی ژمارەی ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی كوردستاندا ماون و هەروەها داخستنی كامپەكانی سنووری سلێمانی بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت و دەڵێت: نزیكەی ٢٨ هەزار خێزان هەن و سەرجەمیان لە كامپەكانی هەرێمی كوردستاندان.
ئەوەشی خستەڕوو، کە ئاستەنگى بەردەم گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان لە كامپەکانى سنوورى دهۆك و هەولێر، بەهۆی ڕێگەنەدانە بە فەرمانبەرانی وەزارەتەکەمان بۆ چوونە ناو ئەو كامپانە، وتیشى: تا ٣٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵ سەرجەم كامپەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی دادەخرێن، کە ژمارەى دانیشتووانیان دەگاتە سێ هەزار خێزان.
لە ساڵی ٢٠١٤ وە بەهۆی شەڕی چەتەكانی داعشەوە سەدان هەزار كەس لە ناوچەكانی عێراق ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد و لە ژمارەیەك كامپدا جێگیر كران، دواتر دوای ئارام بوونەوەی دۆخی عێراق، حكومەتی عێراق بڕیاریدا ئاوارەكان بگەڕێنێتەوە سەر زێدی خۆیان و بڕیارە تا كۆتای مانگی تەمووزی ئەمساڵ كۆتایی بە دۆسیەی ئاوارەكان بهێنرێت.